لە سلێمان بەگ 18 خانوو تەقێندرانەوە

سلێمان بەگ -KDP.info- لە كردەوەیەكی تێكدەرانەدا لە شارۆچكەی سلێمان بەگ، خانووی (18) فەرمانبەری دەوڵەت و پۆلیس و ئەندامی هێزی سەحوە تەقێندرانەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانی توندوتییژییەكانی ئەم دواییەی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەكان و لە ترسی كردەوە توندوتیژی و هەڕەشەكانی سوپا لە لایەك و گرووپە چەكدارەكان لە لایەكی تر، لە ئێستادا 70%ـی ئەو شارە چۆڵ كراوە، چەند كردەوەیەكی توندوتیژییش لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو شارەدا ئەنجام دراوە و شوێنەكان زۆر بە وردی دەستنیشان كراون.
گوتیشی: لە درێژەی ئەو كردەوە توندوتیژیانەدا خانووی (18) فەرمانبەری دەوڵەت و پۆلیس و ئەندامی هێزی سەحوە تەقێندراونەتەوە و ئەم هەنگاوەش بۆ هەمووان شتێكی نوێ و چاوەڕواننەكراو بوو، ئەم كردەوە ناوازەیە لە لایەن دەستێكی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە و گومان دەكرێت كە لە لایەن خودی هێزەكانی دەوڵەتەوە ئەنجام درابێت.
هیوا حوسێن ئەمین




