٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم هەناردە و فرۆشتنی نەوتی بە فەرمیی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەكردن و فرۆشتنی نزیکەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی خاوی بە ئەورووپا ڕاگەیاند و دەڵێت، لە سۆنگەی پابەندبوونی بە پرسی شەفافیەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە رێکخراوە سەربەخۆیە نێودەوڵەتییەكانی كردووە چاودێری پرۆسەی فرۆشتن و هەناردن بكەن و هیواش دەخوازێت بەرپرسانی رێكخراوی بە بازاڕكردنی نەوتی عیراقی فیدراڵ (سۆمۆ) داوەتی حكوومەتی هەرێم قبووڵ بكەن بۆ چاودێریی پرۆسەكە.

دەقی بەیاننامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی یەكەمین فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراو لە رێگەی هێڵی بۆرییەوە:

هاوتا لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتیدا بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 و یارمەتیدانی عێراق لە هێنانەدی ئامانجەكانیدا لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و داهاتی نەوتدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسا بەجێبەجێکردنی یەکەمین فرۆشتنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان کە لە رێگای هێڵی بۆرییەوە گەیاندرایە بەندەری جیهان.

بارهەڵگرێک كە نزیکەی یەك ملیۆن بەرمیلی نەوتی خاوی هەڵگرتبووە و شەوی رابردوو لە بەندەری جیهانەوە بەرەو ئەورووپا نێردرا.  ئەمەش دەستپێكی زنجیرەیەکە لەو جۆرە فرۆشتنەی نەوت کە لە رێگەی بۆرییە تازە دروستکراوەکەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەکرێت.

داهاتەكانی ئەم هەناردەیە لە حیسابێکی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت لە هالك بانك - Halkbankلە توركیا و وەكو بەشێك لە ئیستیحقاقی بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دابەشكردن و هاوبەشیپێکردنی داهاتەكانی عێراق بە ڕێژەی دیاریكراوی خۆی بەپێی دەستووری ساڵی 2005 مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، پێنج لە سەدی داهاتی ئەم فرۆشانە لە حیسابێكی جیا دادەنرێت بۆ ئەو قەرەبووە نێودەوڵەتیانەی کە عێراق لەسەریەتی بیدات.

لە سۆنگەی پابەندبوونی بە پرسی شەفافیەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە رێکخراوە سەربەخۆیە نێودەوڵەتییەكانی كردووە چاودێری پرۆسەی فرۆشتن و هەناردن بكەن و هیواش دەخوازێت بەرپرسانی رێكخراوی بە بازاڕكردنی نەوتی عیراقی فیدراڵ (سۆمۆ) داوەتی حكوومەتی هەرێم قبووڵ بكەن بۆ چاودێریی پرۆسەكە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پیادەکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە  رێکخراوی سۆمۆ، بەڵام پابەندی و نیازپاكی خۆیشی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا دووپات دەكاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی تەواو لەبارەی پرسی نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

حكوومەتی هەرێم بەبێ هیچ وەستانێك لەگەڵ شەریک و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان لە كار بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی رێگای نوێ بۆ گەشەسەندن و پێشكەوتنی ئابووری بۆ گەلی كوردستان و عێراق، وەهەروەها ئامادەیە ببێتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو و سەقامگیر بۆ وزە بۆ دراوسێكانی و بازاڕە نێودەوڵەتییەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار