٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

موتەحیدوون نوێكردنەوەی ولایەتی سێیەمی مالیكی رەت كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   قەوارەی موتەحیدوون بە سەرۆكایەتیی ئوسامە نوجێفی، نوێكردنەوەی ولایەتی سێیەمی مالیكی رەت كردەوە و رایانگەیاند كە، قەوارەكەیان كار دەكات لە پێناوی دروستكردنی حكوومەتیك كە عێراق لەم قەیرانە رزگار بكات.

شەوی رابردوو لە پاش كۆبوونەوەیەك كە قەوارەكە بە سەرۆكایەتیی نوجێفی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان سازیان كردبوو و KDPتێیدا ئامادە بوو، ئەحمەد مەساری بەیاننامەی قەوارەی ئەلموتەحیدوونی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا خوێندەوە و تێیدا جەخت كرایە سەر سێ تەوەرەی سەرەكی، یەكەمیان بریتی بوو لە رەتكردنەوەی ولایەتی سێیەمی مالیكی و دووەمیان جەختكردنەوە لەسەر ئەو تانانەی كە ئاراستەی كۆمسیۆنیان كردبوو سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سێیەمیان جەختكردن بوو لەسەر گۆڕانكاری و چاكسازی  لە پرۆسەی سیاسیدا.

مەساری گوتیشی "لە كۆبوونەوەكە بە وردی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تاوتوو كراون و بۆمان دەركەوتووە كە هیزە ئەمنییەكانی عێراق رێگر بوونە لە بەردەم بەدیهێنانی دۆخیكی دەنگدانی گونجاو بۆ هاووڵاتیان كە ئەمەش كاریگەریەكی خراپی هەبووە لەسەر ئەنجامەكانی قەوارەكەمان. "

لە بەشیكی دیكەی كۆنگرەكەدا ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەلموتەحیدوون رایگەیاند "ئەو هێزە سیاسییانەی عێراق كە هەڵوێستیان راگەیاندووە سەبارەت بە گۆڕین و چاكسازیكردنی ئەو بارودۆخەی كە ئیستا عێراق پێیدا تیدەپەڕێت، ئەوانەن كە لە ئێمەوە نزیكن لە پیكهینانی حكوومەتی داهاتووی عێراق ".

گوتیشی "قەوارەكەمان لەگەڵ سەرجەم قەوارەكانی دیكەی عێراق رێك دەكەوێت، بە مەرجێك هەموویان سوور بن لەسەر گۆرَینی سیستمی سیاسیی ئیستای عێراق و، مانەوەمان لە حكوومەتی ئاییندەی عێراق بەستراوەتەوە بە گۆران و گەراندنەوەی پابەندبوون بە دەستوور و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان".

جیگەی ئاماژەپێكردنە لە 19ـی ئەمانگەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، تێیدا قەوارەی ئەلموتەحیدوون پلەی چوارەمی بە دەست هێنا و 23 كورسی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق مسۆگەر كرد.

 

دلشاد دەلۆ

هەواڵی پەیوەندیدار