دەوڵەتی یاسا، مالیكیی كاندید كردەوە

هەولێر -KDP.info- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاندیدكردنەوەی مالیكی بۆ خولی سێیەمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند.
كەناڵی عێراقییەی نیمچە فەرمی لە هەوڵێكیدا ڕایگەیاند، "هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە كۆی پێكهاتەكانییەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بڕیاری دا كە نووری مالیكی بۆ خولی سێیەمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كاندید كردەوە."
ئەمەیش لە كاتێكدایە كە زۆرێك لە هێزەكانی شیعە، سوننە و كوردیش بە شێوەیەكی نافەرمی دژبە كاندیدكردنەوەی مالیكی هەڵوێستیان نواندووە؛ ئەم بەرهەڵستكارییەش بە تایبەت لە لایەن هەردوو لیستی (ئەحرار و موتەحیدوون) سەرچاوەی گرتووە و نزیكیش بوون لەوەی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو ڕابگەیەنن و مالیكی لەو پۆستە دوور بخەنەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵاَبژاردنەكان لە 19ـی ئایاری ڕابردوودا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند و دەوڵەتی بە بەدەستهێنانی 92 كورسی پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، ڕەوتی سەدر 34 كورسی و هاوپەیمانیی نیشتیمانییش 31 كورسیی پەرلەمانی بردەوە.
هەر بەپێی ئەنجامەكان، لیستی موتەحیدوون بە پلەی چوار هات كە 23 كورسی بە دەست هێنا و ئیئتیلافی نیشتیمانییش كە ئەیاد عەللاوی سەرۆكایەتیی دەكات 21 كورسی بردەوە و لیستی عەرەبیی موتڵەگیش 9 كورسی.




