٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمەڵ: مەترسیمان لە دەستكاریكردنی ئەنجامەكان لە جێی خۆیدا بوو... یەكگرتوویش بەڵگەی هەیە ساختەكاری ئەنجام دراوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی - تایبەت بە KDP.info-  مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی دەڵێت، لە سلێمانی دەستكاریی دەنگەكانیان كراوە و بەڵگەیشیان لە بەردەستدا هەیە هەندێك لەو فۆڕمانەی رەوانەی بەغدا كراون، جیاوازن لەوەی كە لە بەردەستی ئەوان دان. مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامییش ڕایگەیاند، "ئەو مەترسییەی پێشتر لە دەستكاریكردنی ئەنجامەكان لە شاری سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا دەرمانبڕی، دەركەوت لە جێی خۆیدا بووە."

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی، ئیسماعیل خورماڵی، بۆkdp.infoگوتی، "تێبینییەكانی ئێمە سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی ئەوەیە كە دەنگەكانی ئێمە لە سەرووی دوو كورسییەوە بووە و هەشت هەزار دەنگمان لە دوای ئەو دوو كورسییە زیادی كردووە، بۆیە بە هۆی دەستكارییەوە وای لێهاتووە ئێمە كورسییەك لە دەست بدەین، چونكە بەپێی داتاكانی ئێمە پێشبینیمان دەكرد دەنگەكانی ئێمە زیاتر لە 70 هەزار دەنگ بێت و كورسیی كۆتایش بۆ ئەوە بووە كە 10 هەزار دەنگی هێناوە و بەڵگەشمان لە بەردەستدا هەیە هەندێك لەو فۆڕمانەی رەوانەی بەغدا كراون، جیاوازن لەوەی كە لە بەردەستی ئێمەدان".

ئیسماعیل خورماڵی هەروەها گوتیشی: "ئێمە بەڵگەمان هەیە كە ساختەكاریی ئەنجام دراوە و پێشتریش چوار لایەنی سیاسی بەیاننامەیەكمان لەم بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و لە ئێستاشدا پێشبینی دەكەین چوار هەزار دەنگی ئێمە كەم كرابێتەوە".

خورماڵی زیاتر ڕوونی كردەوە: "بۆ دەربڕینی هەڵوێست لەبارەی ئەنجامەكانەوە پێویستە لیژنەی باڵا كۆ ببێتەوە، ئەو كات هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

هاوكات بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەنوەر سەنگاوی، بۆ kdp.infoگوتی: "ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە و پێشتریش لە شاری سلێمانی چوار لایەنی سیاسیی مەترسیی دەستكاریكردنی دەنگەكانمان دەربڕی بە تایبەت لە رێی فۆڕمی 902ـەوە و ئێستاش هەست دەكەین ئەو مەترسییەی ئێمە لە جێی خۆیدا بووە دوای ئەوەی ئەو فۆڕمانەمان بە دەست گەیشتووەتەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە تا چەند كۆمسیۆن لەم پرسەدا هاتووەتە سەر خەت یاخود چارەی كردووە".

ئەنوەر سەنگاوی راشیگەیاند: "ئێمە دیراسە و بەراوردی ئەنجامەكان دەكەین و دواتر هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار