٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی: وێڕای پابەندبوونمان بە ئەنجامەكان، نیگەرانیی خۆمان له‌ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاندووە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  به‌ بۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 30ـی نیسانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند،  "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای پابەندبوونمان بە ئەنجامەكان، نیگەرانیی خۆمان سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاندووە و پێشبینیی كورسیی زیاترمان كردووە لەوەی راگەیاندراوە بە تایبەتی لە نەینەوا و هەولێر."

پارتی پێوه‌ست به‌ سه‌رنج و تێبینییه‌كانی له‌سه‌ر كۆی ئه‌نجامه‌كانی له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌یدا‌ ده‌ڵێت، "چەند كەموكوڕییەك هەن و لە ئەستۆی لایەنی پەیوەندیداردایە و پێویستە چارە بكرێن و لەو بارەیەشەوە تێبینیمان هەیە و داومانە بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و بەدواداچوونیشی بۆ دەكرێ."

 

ده‌قی پەیامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی (30)ـی نیسانەوە:

ڕۆژی (30ـی نیسانی 2014) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، سەركەوتووانەش ئەو پرۆسەیە كۆتایی هات و لە (19 و 22/5/2014) ئەنجامەكان راگەیەنران، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە رۆڵەكانی گەلەكەمان و پارت و لایەنە سیاسییەكان دەكەین.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان، وێڕای هەوڵ و كۆششی لایەنە پەیوەندیدارەكان و بە ئامادەبوونی بەرپرسی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێم (یونامی) و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و چەندین لایەن و رێكخراوی فەرمی و  پیشەیی بیانی، بە شێوەیەكی رێكوپێك و شەفافانە و بە بەشداریكردنێكی بەرچاوی هاووڵاتیانی دەنگدەر بەرێوە چوو.

    بێگومان ئەو پرۆسە دیموكراسییە وەك دەسكەوتێكی سیاسی، گرینگی و تایبەتمەندی و كاریگەریی خۆی هەیە لەسەر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكەدا.

لەو ماوەیەی حوكمڕانیی هەرێمدا پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئازادانە وەك مافێكی یاسایی دەستەبەر كراوە و بەمەش توانراوە پانتاییەكانی كار و چالاكیی دیموكراسی بەرفراوانتر بكرێ و جەخت بكرێتەوە لەسەر تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی برایانەی تاكەكانی نێو كۆمەڵگە و پێكهاتە و یەكە ئیتنییەكان بە جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و ئایینزاییانەوە، ئەمەش لە ژیانی سیاسیماندا بایەخی خۆی هەیە و پەیوەستە بە چارەنووسی گەلی كورد و ئاییندەی هەرێمی كوردستانەوە.

ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە هاووڵاتیان و رۆڵە بە ئەمەكەكانی گەلەكەمان دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە لەگەڵ پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنداین بۆ چارەكردنی كێشە سیاسییەكان و یەكلاكردنەوەی ململانەكان لە رێی سندووقەكانی هەڵبژاردنەوە و بەوپەڕی گیانی بەرپرسیارێتیشەوە بە دەنگ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەوە دەچین و پەسەندی دەكەین و بە دەستكەوتێكی دیكەی گەلەكەمانی دادەنێین، گرینگترین پرسیش لەو قۆناخە هەستیارەدا سەركەوتنی پرۆسەكە و زیاتر هەنگاونانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان.

لەو كاتەی كابینەی هەشتەم پێك دەهێنرێ و بەرەو قۆناخێكی تازە و گرینگ هەنگاو دەنێین، پێویستە كارنامەی داهاتوویشمان لەگەڵ ناوەند بە یەك دەنگ و سەنگ، ئاوا رێك بخەینەوە بە دانوستان و هەماهەنگی لەگەڵ كوتلە و لایەنە سیاسییە براوەكانی دیكەی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، كە لە خزمەت و سوودی هەرێم بێت و بۆ ئەوەی كوردستان ئاوەدانتر و ژیانی خەڵك باشتر بێت، لە پێناو یەكڕیزی و سەقامگیریی سیاسی و چارەسەری یەكجارەكیی كێشەكان بێت لەگەڵ بەغدا، ئەمەش بە داكۆكیكردن و سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی ئیستیحقاقاتەكان و سەلماندن و سەندنەوەی تەواوی مافەكانمان بەپێی یاسا و دەستوور دێتە دی.

جێی خۆیەتی بەو بۆنەیەوە سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی چین و توێژەكانی گەلەكەمان و یەك بە یەكی هەڤاڵانمان بكەین لە كادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆست و هاوڕێبازانمان و تەواوی دامودەزگا و ئۆرگان و مەكتەب و كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندنی پارتیمان، هەروەها قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، كە گشتیان لەخۆبردووانە هەمیشە و بەردەوام خەمخۆرانە كاریان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە كردووە و دەكەن، هەروەها ناوەندەكانی رێكخستن و ئۆفیسەكان و رەوەندی كوردی لە هەندەران كە رۆڵێكی كاریگەریان لە بەدەستهاتنی ئەو ئەنجامانە هەبوو، كە بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك پتر لە یەك ملیۆن دەنگ دراوە بە كاندیدانمان ئەمەیش نیشانەی چەندبارە بەخشینەوەی متمانەیە بە پارتیمان و رێبازی بارزانی.

بێگومان سەركەوتنی پارتیمان لەو هەڵبژاردنانەدا بە پلەی یەكەم و زیادبوونی دەنگەكانی، پێش هەر شتێك بۆ دڵسۆزی و هۆشیاریی تەواوی گەلەكەمان بە چین و توێژەكانییەوە و پێكهاتە ئایینی و ئایینزا جیاجیاكانەوە دەگەڕێتەوە، هەروەها بڕوابوونی پتەویان بە بەرنامە و رێبازی پارتیمان و جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتییەكەی، كە دڵنیاین لەوەی لە داهاتوودا زیاتر و باشتر رۆڵی شاییستەی خۆیان لە مەیدانەكەدا دەگێڕن.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی ماندووبوون و هەوڵەكانی دامودەزگا ئەمنییەكان لە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین، كە وەكو هەمیشە بوونە فاكتەری دیاری فەراهەمكردنی فەزایەكی ئەمین و لەبار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان.

دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای پابەندبوونمان بە ئەنجامەكان، نیگەرانیی خۆمان سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاندووە و پێشبینیی كورسیی زیاترمان كردووە لەوەی راگەیاندراوە بە تایبەتی لە نەینەوا و هەولێر و، پێشمان وایە چەند كەموكوڕییەك هەیە و لە ئەستۆی لایەنی پەیوەندیداردایە و پێویستە چارە بكرێن و لەو بارەیەشەوە تێبینیمان هەیە و داومانە بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و بەدواداچوونیشی بۆ دەكرێ.

جارێكی دیكە پیرۆزبایی ئەنجامدان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان و سەركەوتنی پارتیمان ئاراستەی گەلەكەمان دەكەین... هەر سەركەوتوو بن...

            مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

            22/5/2014

هەواڵی پەیوەندیدار