٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتە سیاسییەكان: ڕێگە لە پەراوێزخستنی خانمانی ئەم وڵاتە لە ناوەندی بڕیاڕ و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان، لە بانگەوازێكدا داوا لە گشت یەكێتی و سەندیكا و كۆمەڵە  پیشەییەكان و سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات لە ڕێگای دەركردنی یادداشتنامە و كۆكردنەوەی واژۆ، ڕێگە لە دواكەوتن و داخراویی كۆمەڵگای كوردی و پەراوێزكردنی خانمانی ئەم وڵاتە لە ناوەندی بڕیاڕ و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگرن.

ئەمەش دەقی بانگەوازەكەیە:

بانگەواز..

بانگەوازێك لە (گرووپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان)ـەوە بۆ گشت یەكێتی و سەندیكا و كۆمەڵە  پیشەییەكان و سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و گشت ئەو كەسایەتی و ڕۆشنفكرانەی كوردستان كە باوەڕیان بە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و گرنگی و ڕۆڵ و بایەخی بەشداریی ئافرەتانی كوردستان لە پرۆسەی ئیداری  و سیاسیدا هەیە.

لەگەڵ كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە 21ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو و دەسپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە لە لایەن پارتە سیاسییەكانەوە، هەر لەو ئان و ساتەدا گرووپەكەمان هەستی بە مەترسیی بەشداریپێنەكردنی ژنان كرد لە پێكهاتەی كابینەی تازەدا. سەرەتای مەترسییەكانیش لەو گفتوگۆیانە دەخوێندرایەوە كە ئافرەت زۆر بە كەمی تێیدا بەشدار بوو یان هەر بەشدار نەبوو.

لەو ماوەیەدا گرووپەكەمان هەستا بە سازدانی چەندین دانیشتن و سەردان لەگەڵ زۆربەی سەركردایەتیی لایەنە سیاسییەكان و بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانەكەمان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی فراكسیۆنەكانیشی گرتەوە. لە گشت ئەو دیدارانەدا جەختمان لەسەر پرسی بەشداریكردنی ژن لە گشت ئاستەكانی بەرپرسیارەتیدا كردەوە، هەم وەك پێویستیی ژیانی مەدەنی و دیموكراسی و هەم وەك مافی ئەو ڕەگەزە هاوشێوەی پیاوان لە كۆمەڵگادا و بایەخدانی زیاتر بە بواری پێگەیاندن و هۆشیاركردنەوە و پارێزگاریكردن لە مافەكانی ژنان لە كارنامەی حكوومەتدا. ئەو پێداگرییەی گرووپەكەمان زیاتر دوابەدوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆكە هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستان و هەم لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئافرەتانی كوردستان توانیویانە ئەزموونێكی سەركەوتوو پێشكەش بكەن، ژمارەیەكیان بەبێ پشتبەستن بە سیستمی كۆتا لە كێبڕكێكانی هەڵبژاردندا سەركەوتنی مەزن بە دەست بهێنن.

جا لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەی كە ئەو ئامانجەی ئێمە خەباتی بۆ دەكەین بەر لەوەی پرسێكی تەنها ڕەگەزی بێت و پەیوەست بێ  بە ژنانی ئەو كۆمەڵگایەوە, پرسێكی كۆمەڵایەتییە و سەركەوتن و پێشخستنی ئەو ئامانجە كاریگەری لەسەر پێشخستنی كۆمەڵگا و بووژانەوە و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسییەت و مەدەنییەت  لە كۆمەڵگا دروست دەكات، هەر بۆیە داوا لە گشت ئێوەی بەڕێز دەكەین كە لەو خەباتە مەدەنییەدا پشتیوانیمان لێ بكەن و لە  ڕێگای دەركردنی یاداشتنامە و كۆكردنەوەی واژۆ، ڕێگە لە دواكەوتن و داخراویی كۆمەڵگای كوردی و پەراوێزكردنی خانمانی ئەم وڵاتە لە ناوەندی بڕیاڕ و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگرن.

 بە دڵنیاییەوە پاڵپشتیی ئێوە لەو هەنگاوە، گەیشتن بە ئامانجەكەمان بۆ مسۆگەر دەكات.

هەر سەركەوتوو بێت خەباتی مەدەنی و دیموكراسی لە كوردستاندا.

  گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان

18ـی گوڵانی 2014 - هەولێر

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار