فراكسیۆنی زەرد: با هەموومان بۆ خزمەتی گەلی كورستان دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر
__2014_05_22_h13m20s26__BA.jpg)
هەولێر - kdp.info- فراكسۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، داوا لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكات كە ئیتر هەمووان بەیەكەوە بۆ خزمەتی گەلی كورستان دەست بخەنە ناو دەستی یەكتر و هەرچی ناكۆكی و ململانێی رابردوو هەیە بیسڕنەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوی فراكسۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان:
بە ناوی فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان سوپاس و ستاییشی جەماوەری كوردستان دەكەین بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژییان كە ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوون لە پێناوی گەیشتن بە سازان بۆ پیكهێنانی حكوومەتی هاوبەشی نیشتمانی.
حكوومەتی هاوبەشی نیشتمانی ئامانجی گەورەمان بوو، خۆشبەختانە وێڕای دواكەوتنی، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو ئامانجە گەورەیە هاتە دی و هیوادارین لە ماوەی كورتی داهاتوودا كابینەی هەشتەم لە بەردەم پەرلەمان متمانە وەربگرێت و لە چوارچێوەی كارنامەیەكی هەمەلایەنەی دەوڵەمەند خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بكەین. هەر لێرەشەوە داوا لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین كە ئیتر هەموومان بەیەكەوە بۆ خزمەتی گەلی كورستان دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر و هەرچی ناكۆكی و ململانێی رابردوو هەیە بیسڕینەوە و بتوانین بەیەكەوە نوێنەری راستەقینەی گەلەكەمان بین و هەنگاوەكانی چاكسازی و بەدامەزراوەییكردنی هەرێمەكەمان بەردەوامی پێ بدەین. جارێكی دیكە سوپاس بۆ پشوودرێژیی خەڵكی كوردستان و هیواخوازین بتوانین ئەو كاتەی لە ماوەی رابردوو لە دەستماندا، بە یاسای باش و چاودێرییەكی كارا و نوێنەرایەتییەكی راستەقینە قەرەبووی بكەینەوە.
هەر ئاوەدان بێت كوردستان..
فراكسۆنی زەردی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
22/5/2014




