٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕان دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكان ڕەت دەكاتەوە.. هێزێكی ئەمنی لە شاری سلێمانی بڵاوەی پێ دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info- لەبارەی بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان لە شاری سلێمانی، قایمقامی ئەو شارە ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات كە بەشێك لە بڵاوەپێكردنی ئەو هێزانە پەیوەندی بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە.

ئەمڕۆ بە فەرمانێكی لیژنەی ئەمنی لە شاری سلێمانی هێزێكی زۆر لە شوێنە گشتییەكانی ئەو شارە بڵاو كراوەتەوە، بەپێی زانیاریی KDP.infoهۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەو هێزە، ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانە كە بڕیارە ئەم ئێوارەیە ئاشكرا بكرێت كە لە ئێستاوە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو دەرئەنجامانە لە ڕێگای هەڵسووڕاوی ئەو بزووتنەوەیە عەلی حەمەساڵح ڕەت دەكاتەوە بەوەی جیاوازیی كورسیی نێوان ئەوان و یەكێتی تەنیا یەك كورسی بێت.

لەم بارەیەوە قایمقامی سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لەو شارە ئاوات محەممەد، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە سلێمانی هەمیشە هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان بۆ پارێزگاریكردن لە ئاساییش و ئارامیی شار و سەروماڵی هاووڵاتیان و هەر كاتێك پێویست بكات هێزە ئەمنییەكان بڵاوە پێ دەكەین لە شەقام و شوێنە گشتیەكان لە پێناوی پارێزگاریكردن لە ئارامیی شار".

لە بارەی مەترسیی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەگەری كاردانەوە لە شەقامەكانی سلێمانی، ئاوات محەممەد گوتی: "یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوەپێكردنی ئەو هێزانە پەیوەندی بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە بۆ ئەوەی كێشە و گرفت ڕوو نەدات".

گوتیشی: "قبووڵكردن و نەكردنی دەرئەنجامەكان پەیوەندی بەو لایەنە و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، بەڵام ئێمە وەك حكوومەت و لیژنەی ئەمنی ئەركی پارێزگاریی شارمان لە ئەستۆدایە".

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار