پەرلەمانتارێك: پێویستە لە ئەگەری كشانەوەی كورد، هەڵوەشانەوەی حکوومەت گەرەنتی بكرێت

بەغدا-تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد بە پێویستی دەزانێت بەشداریكردنی کورد لە پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵدا بەو مەرجە بێت کە ھەرکاتێک كورد لە حکوومەت بکشێتەوە، ئەو حکوومەتە ھەڵبوەشێتەوە و گەرەنتی بكرێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی، شلێر عەزیز، بەkdp.infoـی راگەیاند: زۆر گرینگە کورد بە یەکھەڵوێستی بچێتە بەغدا، لەبەرئەوەی ئەوە خاڵی بەھێزی کوردە لە بەغدا، وەکو بەرنامەش پێویستە پێشوەختە کورد بەرنامەی خۆی ھەبێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان و ماوەیەکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دیاری بکرێت.
شلێر عەزیز گوتیشی: پێویستە یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان کورد و ئەو لایەنەی حکوومەت پێک دێنیت بەو شێوەیە بێت کە، ھەرکاتێک کورد بکشێتەوە ئەو حکوومەتە ھەڵبوەشێتەوە، ھەر چەندە لە خولی پێشوو ئەو داوایە کرا، بەڵام قبووڵ نەکرا، بۆیە ئەم جارە پێویستە کورد پێداگیری لەسەر ئەو بڕگەیە بکات.
عەزیز بەوپێیەی چوار ساڵی لە بەغدا وەك وەپەرلەمانتار بەڕێ كردووە، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە، ئەگەر ئەم جارە کورد بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە نەچێتە بەغدا، ناتوانێ ھیچ کێشەیەک چارەسەر بکات کە ماوەی چەندین ساڵە لە نێوان ھەرێم بەغدادا بە ھەلپەسێردراوی ماونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




