بۆ هەمووان40ھەزار دەنگ کورسیێک بووە، تەنیا بۆ پارتی 50ھەزارە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر ئاشکرای کرد، لە شاری ھەولێر ستەم لە پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، بۆیە سکاڵایان لە کۆمسیۆن تۆمار کردووە. گوتیشی
سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، کرمانج عەبدوڵڵا، بۆkdp.infoگوتی: "لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سکاڵامان تۆمار کردووە و داوای روونکردەوەمان لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کردووە، چونکە جیاوازیێکی زۆر ھەیە لەنێوان دەنگەکانی بریکارەکانمان و ئەوەی کۆمسیۆن رایگەیاندووە."
ئەو نموونەی بەو ھەشت ھەزار و980 دەنگە هێنایەوە كە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان زیادی کردووە و، دەڵێت "دەبێت ئەمەمان بۆ روون بکەنەوە ئەوە چۆن زیادی کردووە."
کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: "دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر ھەر کورسیێک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، 50ھەزار دەنگ بووە، بەڵام بۆ لایەنەکانی دیکە 40ھەزار دەنگ کورسیێکیان پێ دراوە."
عەبدوڵڵا زیاتر روونی کردەوە، "ئێمە زیاتر لە 350ھەزار دەنگمان بە دەست ھێناوە، حەوت کورسیمان بەرکەوتووە، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان زیاتر لە 150ھەزار دەنگی ھێناوە چوار کورسی بەرکەوتووە، بۆیە لەسەر ئەو پرسەیش داوای روونکردنەوەمان لە کۆمسیۆن کردووە."
سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، هەروەها دەڵێت، "پێویست بوو بەپێی رێژەی دەنگەکانمان، ئێمە ھەشت کورسیمان بەر بکەوێت."
دوێنێ سێشەممە، پێوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەسرۆ گۆران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هەولێر بۆی ساز درابوو، ڕایگەیاند "بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی بە ڕێژەی 12% زیادی كردووە."
بەڵام گۆران نیگەرانیی پارتییشی لە بە دەستهێنانی ژمارەی كورسییەكان نەشاردەوە چونكە وەك ئەو دەڵێت، لە پارێزگای نەینەوا چاوەڕوانی 7 كورسییان كردووە، لەكاتێكدا 6 كورسییان بۆ هاتووەتەوە و زیاتر گوتی "گلەیی ئێمە لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە و دەبێت روونكردنەوەمان پێ بدەن لەسەر شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكات هۆكاری داواكاریی روونكردنەوەی لە كۆمیسیۆن بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە لە دیالە كورسی دراوە بە كۆتای ئافرەت، بەڵام لە مووسڵ كۆتای ئافرەت لەبەرچاو نەگیراوە و دەڵێت "ئەوەمان پێ سەیرە."
دووشەممەی ڕابردوو، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە شاری بەغدا ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ـی نیسانی راگەیاند و بەپێی ئەو ئەنجامە، پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بە دەست هێناوە بێ لە كۆتای هاوپەیمانەكانی، كە ئەوانیش 4 كورسین، وەك خەسرۆ گۆران گوتی "ئەوانیش هەر لەسەر پارتی حیسابن".
بڵند ئیبراھیم




