فوئاد مەعسووم: گفتوگۆكانی ئەم جارە لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا دەبن

هەولێر - KDP.info- سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئاماژە بە بارودۆخی سیاسیی عێراق دەدات و دەڵێت، لە چوار ساڵی ڕابردوودا پارتی و یەكێتی پێكەوە گفتوگۆیان كردووە، بەڵام گفتوگۆكانی ئەم جارە لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا دەبێت، كە ئەوە بۆ ئێستای كوردستان شتێكی باش دەبێت سەرجەم هێزەكان بە یەك گوتار و یەك بەرنامەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن.
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان د. فوئاد مەعسووم، لەبارەی لیژنەی دانوستانكاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و بەغدا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە چوار ساڵی ڕابردوودا پارتی و یەكێتی پێكەوە گفتوگۆیان كردووە، بەڵام گفتوگۆكانی ئەم جارە لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا دەبێت، كە ئەوە بۆ ئێستای كوردستان شتێكی باش دەبێت سەرجەم هێزەكان بە یەك گوتار و یەك بەرنامەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن".
دەربارەی ئەگەری وەڵامێكی ئەرێنی بۆ داواكانی كورد، فوئاد مەعسووم ئەوەی خستە ڕوو كە لە كاتی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا، دەرئەنجامەكان دەردەكەوێت كە نیەتێك هەیە بۆ وەڵامدانەوەی كورد یان نەخێر، چونكە ئێمە ناتوانین پێش بڕیاری ئەوان بكەوین".
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان هەروەها ئەوەی خستە ڕوو كە مالیكی دەیەوێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی كە ئێمە و لایەنەكانی دیكە لەگەڵی ئەنجام دەدەین و دەشبێت چاوەڕوانی گفتوگۆكان بكەین. گوتیشی: "لەناو هاوپەیمانیی نیشتمانیدا گفتوگۆ دەكرێت تا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت لەسەر كاندیدكردنی مالیكی یان كەسێكی دیكە لەناو ئەو هاوپەیمانییەدا".
دەربارەی ڕێژەی كورسییەكانی كورد كە 62 كورسیی پەرلەمانی عێراقە، فوئاد مەعسووم دەڵێت: "ئێمە لە بەغدا لەسەر شتە سەرەكییەكان یەكهەڵوێست بووین، بۆیە ئێستاش كە بە كۆتاكانەوە 65 كورسیمان هەیە زۆر زۆر گرنگە بۆ گوتاری كوردی ئەو ڕێژە كورسییە بە یەكهەڵوێستییەوە بە كار بهێنین".
كارزان هەورامی




