٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزە سیاسییەكانی هەرێم: حكوومەتی داهاتوو ئارام و چالاكتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info -سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدەن كە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم چالاكتر و بارودۆخی كوردستانیش ئارامتر دەبێت. ئەوەش دەخەنە ڕوو كە كار بۆ یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكرێت.

دوێنێ 20/5/2014 لە پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی 99 دەنگی پەرلەمان نێچیرڤان بارزانی متمانەی پەرلەمانی كوردستانی وەرگرت بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت و 78 دەنگیش بۆ قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی حكوومەت یەكلا كرایەوە، بەو پێیە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە، ئەوەش وادەكات كابینەی چوار ساڵی داهاتووی حكوومەت دەرفەتێكی باش بێت بۆ هێزە سیاسییەكان تا خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن.

لەم بارەیەوە ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرەو گۆران، بۆKDP.info گوتی: "بە دڵنیاییەوە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنكەفراوانە و چوارچێوەكەی گەورەترە، ئەوەش وادەكات كە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی بەشداربوو لە حكوومەت بە یەك تیم و یەكدەست كار بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بكەن".

گوتیشی: "ئەو بەشداریكردنەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە كابینەی داهاتووی حكوومەتدا، وادەكات كە قۆناغێكی نوێ لە ژیانی سیاسیی كوردستان ببینرێت و چوار ساڵی ئارام بۆ كوردستان دەستەبەر بكرێت".

هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی زانا سەعید ڕۆستایی، بۆKDP.info گوتی: "ئێمە هیواخوازین كە چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی پڕ لە كار و چالاكی و ئارامیی كوردستان بێت، لە هەمان كاتدا بە یەك تیم و یەك بازنە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كار بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەوەش ئاواتی ئێمەیە كە لە كابینەی داهاتووی حكوومەتدا بەرجەستە بكرێت".

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی سەمیر سەلیم، دەربارەی كابینەی داهاتووی حكوومەت بۆKDP.info ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئومێدەوارن چوار ساڵی داهاتووی حكوومەت پڕ لە ئارامی و خزمەتگوزاری بێت و گوتی: "پێمان وایە كۆكردنەوەی هێزە كوردییەكان و یەكڕیزیی نیشتمانی هەنگاوێكی گەورەیە بۆ كورد، چونكە گۆڕانكارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەرفەتی تازە بۆ كورد دەهێنێتە پێشەوە، كە بە یەكدەنگیی كورد لە ناوخۆی خۆیدا ئەو دەفەرتە لە دەست ناچێت".

هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مستەفا چاوڕەش، بەKDP.infoـی گوت: "بۆ ئەم قۆناغەی كوردستان پێویستمان بە ئەمن و ئاساییشێكی تۆكمە هەیە كە بە یەكڕیزیی سەرجەم هێزەكان دێتە دی، لە هەمان كاتدا دەبێت بە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە پاڵپشتی لە كابینەی داهاتووی حكوومەت بكەین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستان بكرێت".

گوتیشی: "هێشتا قۆناغی گرنگ ماوە لە نێوان هەولێر و بەغدا كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد ئەو قۆناغانە هەنگاوی باش دەچنە پێشەوە".

كارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار