حوسێن چەلیك: ئەگەر ئاكەپە نەبووبایە قۆناغی چارەسەریش بوونی نەدەبوو

ئاگری- kdp.info-جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە ئاماژە بەوە دەدات، مەبەست لە قۆناغی چارەسەری بەرقەراركردنی ئاشتی و تەباییە لە سەرانسەری توركیادا.
جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە و گوتەبێژی ئەو پارتە حوسێن چەلیك، لە میانی سەردانێكیدا بۆ شاری ئاگری گوتارێكی پێشكەشی ژمارەیەك لە دانیشتووانی ئەو شارە كرد و باسی لەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە كرد كە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا لە شارەكە ئەنجام دراون و گوتی: "پێش دەسەڵاتی ئاكەپە یەك خانووی دوونهۆم لە ئاگری نەبوو و بنكەیەكی تەندروستی یا نەخۆشخانەیەك كە بتوانێ وەڵامی داواكارییەكانی خەڵك بداتەوە نەبوو، بەڵام ئاكەپە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە كەرتە جیاجیاكاندا ئاگریی كردووەتە یەك لە پێشكەوتووترین پارێزگاكانی توركیا".
حوسێن چەلیك لە بارەی قۆناغی چارەسەریی پرسی كوردیشەوە گوتی: "ئاكەپە لە دژی سیاسەتی توركایەتی و كوردایەتییە، چونكە بڕوای بەوە هەیە كە خوای گەورە هەر كەسێكی وەكو تاك خوڵقاندووە و وەكو تاكیش حسابیان لێ دەپرسێتەوە، ئەگەر ئاكەپە نەبووبایە قۆناغی چارەسەرییش نەدەبوو. مەبەستمان لە قۆناغی چارەسەری و سەرخستنی ئەو قۆناغە بەرقەراركردنی ئاشتی و تەبایی لە سەرانسەری توركیا و كۆتاییهێنان بە شەڕی برا لە دژی برایە".
چەلیك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رەخنەی لە بەدەپە و پەكەكە كرد و گوتی: "پەكەكە و بەدەپە دەڵێن ئەو شتانەی تا ئەمڕۆ ئەنجام دراون بە هۆی شەڕ، گوشار و هەوڵدانەكانی ئێمە بووە، شتێكی لەو جۆرە نییە، ئەگەر بە شەڕ و گوشار بووبایە، ئەوا پەكەكە دەبوو بیتوانیبا ساڵانی 1990 تا 1995 شتێكی كردبایە، بەڵام بە شەڕ و گوشار هیچ شتێك جێبەجێ ناكرێ. ئەگەر ئاكەپە نەبووبایە، ئەوا لەم وڵاتەدا بە هەزاران كەسی دیكە دەكوژران و هیچ ئەنجامێكیشی نەدەبوو، بەڵام ئاكەپە بە رەتكردنەوەی سیاسەتی نەتەوەپەرستی و توندوتیژی، توانیویەتی لە بواری چارەكردنی پرسی كورد و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا هەنگاو بنێت".
هیوا ئەردەلان




