فوئاد حوسێن: لیژنەی دانوستانكار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق پێك هێنراوە

هەولێر - KDP.info-سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی لەبارەی لیژنەی دانوستانكاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بڵاو كردەوە و ئاماژەیشی بە ناوی ئەندامانی لیژنە دانوستانكارەكە كردووە.
لەو بارەیەوە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن، بۆ ماڵپەری فەرمیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: دوابەدوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لەگەڵ سەركردەی حزبە كوردستانییەكان لە (17/5/2014)، بڕیار درا لیژنەیەك بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراقی فیدراڵ پێك بهێنریت.
فوئاد حوسێن گوتیشی كە هەر یەكە لە د. رۆژ نووری شاوێس وەكو نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال جەوهەر وەكو نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، بیلال سلێمان نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و د. كاوە مەحموود نوێنەری لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی كوردستان دەستنیشان كراون.
ڕوونیشی كردەوە: چاوەڕوان دەكرێت هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان نوێنەرەكانیان بۆ ئەم لیژنەیە دەستنیشان بكەن تاوەكو بڕیاری پێكهێنانی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەربكرێت و لیژنەكە دەستبەكار بێت.




