ئینتیسار عەللاوی: كڕین و فرۆشتن بە دەنگەكانەوە كراوە

بەغدا - KDP.info-لیستی نیشتمانیی عێراق كە ئەیاد عەللاوی سەرۆكایەتیی دەكات، داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات و ئەوەش دەخاتە روو كە لە بنكەی سەرەكیی كۆمسیۆن لە بەغدا، دەنگێك بە 50 دۆلار فرۆشراوە.
لەو بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی لیستی نیشتمانیی عێراق ئینتیسار عەللاوی، رایگەیاند كە لیستەكەیان دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا نانێت كە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنرا و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەن.
عەللاوی گوتیشی كە چەندین حاڵەتی ساختەكاریی گەورە و پێشێلكاریی زۆر لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا رووی داوە و چەندین سكاڵایشیان پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە، بەڵام كۆمسیۆن سكاڵاكانی پشتگوێ خستووە. ئاشكرایشی كرد كە لیستەكەیان لە دەرەوەی عێراق لیژنەیەكی نێودەوڵەتیی پێك هێناوە بۆ بەدواداچوونی سكاڵاكانیان، بەو پێیەی ئەوان بڕوایان بە دادگاكانی عێراق نەماوە و دادگاكان بەسیاسی كراون و خواستەكانی حزبی فەرمانڕەوا جێبەجێ دەكەن.
ئینتیسار عەللاوی هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە كارمەندە پلەنزمەكانی كۆمسیۆن هەزار دەنگیان فرۆشتووە بە پەنجا هەزار دۆلار و كارمەندە گەورەكانیش مامەڵەكانیان بە ملیۆنان دۆلار بووە.
ن. جەبەلی




