٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پۆڵۆنیا...جەخت لە پاراستنی زمان و كولتوور و شارستانییەتی نەتەوەی كورد كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پاڵاوتنی قەڵای هەولێر بۆ لیستی شوێنەواری جیهانیی رێكخراوی یونسكۆ، شاندێكی لیژنەی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لیژنەی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر دارا یەعقوبی و راوێژكار و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران خاتوو جیهان سندی، سەردانی وڵاتی پۆڵۆنیایان كرد.

 

ئەم شاندە بە هاوكاری لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا، ئێوارەی 8ـی ئایاری 2014 سیمینارێكیان ڕێك خست و پێشانگەیەكی فۆتۆگرافییشیان دەربارەی مێژوو و شوێنەواری (قەڵای هەولێر) كردەوە كە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی جیهانی لە شاری كراكۆڤ كە تاكو 11ـی ئایار بەردەوام بوو.

لە سەرەتای رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگاكەدا، سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیریی جیهانی لە كراكۆڤ پرۆفیسۆر (Jacek Purchl) تیشكی خستە سەر كردنەوەی ئەم جۆرە پیشانگایانە، كە ئامانجێكی سەرەكیی سەنتەرەكەیانە و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیالۆگی نێوان شارستانییەتەكان و ئاماژەی بە سەردانەكەی خۆی كرد كە بەر لە چەند هەفتەیەك بۆ قەڵا و شاری هەولێر ئەنجامی دابوو. خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بۆ ئەو پێشكەوتن و سەقامگیرییەی كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دەیبینێت.

پاشان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا زیاد رەئووف، ئاماژەی بە بایەخ و هەوڵی كردنەوەی ئەم پێشانگایە كرد لەلایەن سەنتەری رۆشنبیریی جیهانی لە كراكۆڤ. هەروەها ڕوونی كردەوە كە 11 ساڵ لەمەوبەر لە كاتی بەستنی كۆنفرانسی (كورد ئەو نەتەوە گەورەیەی بێ وڵاتە) كە لە هەمان شوێن ئەنجام درابوو، لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و گفتوگۆی نێوان زانایان و رۆشنبیران گەیشتنە ئەوەی تاكە چارە بۆ پاراستنی ناسنامەی ئەم نەتەوەیە، بریتییە لە پاراستنی زمان و كولتوور و شارستانییەتەكەی.

 دارا یەعقوبی لە سیمینارێكدا باسی ئەو هەوڵانەی كرد كە بۆ پاراستنی ئەم شوێنەوارە خراونەتە كار و سەرجەم كارەكانیان لە ژێر چاودێریی رێكخراوی (یونسكۆ)ـی جیهانییە. هەروەها هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كە ئەم شوێنە بخرێتە سەر لیستی شوێنەوارە پارێزراوەكانی رێكخراوی یونسكۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار