خورماتوو... كردەوەیەكی تیرۆریستی 12 قوربانی لێكەوتەوە

خورماتوو-KDP.info-ژمارەیەك سەرباز كەوتنە بۆسەی گرووپێكی چەكدارەوە و لە ئەنجامدا هاووڵایتیەك و (7) سەرباز كوژران و ( 4)ـی تریان بریندار بوون.
بەرپرسی ئاسایشی خورماتوو، رائید فارووق بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: چەند سەعاتێك پێش ئێستا، لە نێوان گوندی مەفتول و سەرحای ناحیەی ئامرلیی سەربەقەزای خورماتوو، ژمارەیەك سەربازی عێراقی لە كاتی گەڕانەوەیان لە فێرگەی سەربازیی كەیوانەوە بۆ پارێزگای دیالە، كەوتنە بۆسەی ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە و بەر دەستڕێژی گوللە دران، لە ئەنجامدا (8) كەس كوژران كە یەكێكیان شۆفێری ئۆتۆمبیلەكەیە و مەدەنییە و (4) سەربازی ترش بریندار بوون.
زیاتر گوتی: ئەو سەربازانە لە شاری دیالەوە بەمەبەستی مەشقپێكردن هێنراونەتە فێرگەی سەربازیی كەیوان.
گوتیشی: ئەو ناوچەیەی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی لێ ئەنجام داراوە، سنووری چالاكییەكانی چەكدارەكانی داعشە و هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر ئەو كردەوەیە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پێدەچێت كاری ئەوان بێت.
هیوا حوسێن




