گەورە كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسیا دوو پشكی لە هەردوو كێڵگەی نەوتی گەرمیان و شاكەل كڕی

"گازپرۆم نەفت" گەورەكۆمپانیایەكی جیهانییە و تەواوی هەناردەی غازی ڕووسیای لە ئەستۆ گرتووە، پشكی لە دوو شوێنی نایابی هەرێمی كڕیوە، ئەمەیش دوای هەنگاوی چەند كۆمپانیایەكی جیهانی دێت كە بۆ وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا گرێبەستیان واژۆ کردووە و ململانێی ئەو کۆمپانیایانەیش لە هەرێم، حكوومەتی عێراقی فیدراڵیان توڕە كردووە.
"گازپرۆم نەفت"، 40%ـی كێڵگەیەكی نەوتی لە گەرمیان كڕیوە كە هاوتای پشكی كۆمپانیای وسترن زاگرۆسی كەنەداییە و هاوكات 80%ـی ناوچەی شاكەلی كڕیوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پشكی 20%ـی هەریەك لەو دوو كێڵگانەدا هەیە.
بەپێی خەمڵاندنی "گازبروم نەفت"، لە هەردوو كێڵگەكەدا 3.6 بلیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ هەیە.
ئەو كۆمپانیا زەبەلاحە ڕووسیاییەی "گازپرۆم نەفت"، كە بە گەورەترین كۆمپانیای سەر ئاستی جیهان لە بواری غازدا ناسراوە پڕۆژەیەكی دیكەیشی لە عێراق هەیە كە نزیك سنووری ئێرانە و وەها پێدەچێت لە ساڵی 2013ـدا ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنێت.
فادیم یاكۆفلیڤ كە جێگری یەكەمی جێبەجێكاری "گازبروم نەفت"ـە، دەڵێت "لەسەر بنەمای پێوەندیی باشمان لەگەڵ كۆماری عێراق، بە كردەنی لە برەودان بە كێڵگەی بەدرەـیش بەشدار دەبین و كۆمپانیا بڕیاری داوە كە ئامادەیی خۆی لەو وڵاتەدا زیاتر بكات."
وەزارەتی سامانانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوێنێ بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە لە هەفتەی یەكەمی ئۆگۆست مانگی هەشتەوە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.
شیاوی گوتنە كە دوای گەورەكۆمپانیای ئەمەریكایی "ئێكسۆن مۆبیل"، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەردوو گەورەكۆمپانیا "شیڤرۆن"ـی ئەمەریكایی و "تۆتاڵـی فەرەنسایی گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژۆ كرد.




