پارتی: دەنگەكانمان 12% زیادی كردووە.. لە چۆنیەتیی دابەشكردنی كورسییەكان روونكردنەوەمان دەوێ

هەولێر-KDP.info- دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 12%ـی دەنگی پارتی زیادی كردووە، سەرەڕای ئەوەش تێبینییان لەسەر كۆمیسیۆن هەیە.
پێوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەسرۆ گۆران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هەولێر بۆی ساز درابوو، ڕایگەیاند "بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی بە ڕێژەی 12% زیادی كردووە."
ئەو لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە دەنگەكانی پارتی كەمی كردووە، راست نین و گوتی "دەنگەكانمان بە زیاتر لە سەدا (12) زیادی كردووە، بە شێوەیەك یەك ملیۆن و پەنجاوشەش هەزار دەنگمان هێناوە و بەپێی ئەو ژمارەیەیش زیاتر لە (150) هەزار دەنگ زیادمان كردووە".
گوتیشی "لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق رێژەی دەنگی پارتی بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی لە دهۆك، هەولێر، سلێمانی و كەركووك".
گۆران نیگەرانیی پارتییشی لە بە دەستهێنانی ژمارەی كورسییەكان نەشاردەوە چونكە وەك ئەو دەڵێت، لە پارێزگای نەینەوا چاوەڕوانی 7 كورسییان كردووە، لەكاتێكدا 6 كورسییان بۆ هاتووەتەوە و زیاتر گوتی "گلەیی ئێمە لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە و دەبێت روونكردنەوەمان پێ بدەن لەسەر شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكات هۆكاری داواكاریی روونكردنەوەی لە كۆمیسیۆن بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە لە دیالە كورسی دراوە بە كۆتای ئافرەت، بەڵام لە مووسڵ كۆتای ئافرەت لەبەرچاو نەگیراوە و دەڵێت "ئەوەمان پێ سەیرە."
دوێنێ دووشەممە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە شاری بەغدا ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ـی نیسانی راگەیاند و بەپێی ئەو ئەنجامە، پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بە دەست هێناوە بێ لە كۆتای هاوپەیمانەكانی، كە ئەوانیش 4 كورسین، وەك خەسرۆ گۆران گوتی "ئەوانیش هەر لەسەر پارتی حیسابن".




