بەریتانیا: دەمانەوێت شەریكێكی باشی هەرێمی كوردستان بین

هەولێر-KDP.info- پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ویلیام هێگ، ڕایگەیاند، كە بە دیدار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا خۆشحاڵە. هەروەها دەستكەوتەكان، پێشوەچوون و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بەرز دەنرخێنێت. گوتیشی " دەمانەوێت شەریكێكی باشی هەرێمی كوردستان بین."
ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، دوێنێ دووشەممە، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی هەواڵی سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیی بڵاو كردووەتەوە كە بۆ یەكەمجارە بە فەرمی لە شانشینی یەكگرتوو پێشوازی بكرێت.
ماڵپەڕەكە لە زاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ویلیام هێگەوە گوازتوویەتییەوە "خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە لەندەن پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەكەم. ئەو سەردانە بۆنەیەكە بۆ گەشەدان بە پێوەندیی دۆستانەی نێوان شانشینی یەكگرتوو و هەرێمی كوردستانی عێراق، سەردانەكە پێوەندی بە بوارەكانی، بازرگانی، پەروەردە و ڕۆشنبیرییەوە هەیە، دەرفەتێكیشە تا جەخت بكەینەوە كە لە خواستی بەریتانیا بۆ بوون بە شەریكێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا."
هێگ هاوكات گوتوویەتی "بە سەرۆكوەزیرانم(نێچیرڤان بارزانی) ڕاگەیاندووە ئەو دەستكەوتانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەستتان هێناوە بەرز دەنرخێنین، سەرباری ئەو توندوتیژییە بەربڵاوەی كە لە شوێنەكانی دیكەی عێراق و سووریای دراوسێدا هەیە، ئەو سەقامگیرییەی كە هەرێم بە دەستی هێناوە شیاوی دەستخۆشییە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایشیگەیاندووە، "گفتوگۆمان دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە بەم دواییە ساز درا، كردووە و هاوكات هەنگاوەكانی داهاتوویش كە بە ئاراستەی پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵین خستووەتە بەر باس."
هێگ لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانیدا هەروەها گوتوویەتی كە "سەرۆكوەزیران و حیزبە كوردییەكانم هان داون تا لە بەشداریكردنیان لەو پرۆسەیەدا بەردەوام بن."




