مالیكی ناتوانێت بە بێ كورد حكوومەت پێك بهێنێت

هەولێر- KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، سێ سیناریۆ لە بەردەم نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە. دەشڵێت: "لە هیچ یەكێك لەو سیناریۆیانەدا ناتوانێت بە بێ كورد حكوومەت پێًك بهێنێت".
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقەوە، سایتی "جاكوج"ـی عێراقی ئاماژە بەوە دەدات كە لە نێوان ئەندامانی هاوپەیمانیی نیشتمانی گفتوگۆ بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكرێت. لەم بارەیەوە حەسەن جیهاد بۆ KDP.infoگوتی: "كورد 62 كورسیی پەرلەمانی هەیە و بە بێ كورد حكوومەت پێك نایەت، خۆ ئەگەر قسەش لەسەر كاندیدی سەرۆكوەیزران بكرێت و هەڵوێستی مانگێك پێش ئێستا وەربگیرێت، ئەوا هەریەكە لە لیستی موتەحیدون و ئەنجوومەنی باڵا و سوننەكان و ئەلعێراقییە لەگەڵ كاندیدكردنی نووری مالیكیدا نین".
گوتیشی: "سێ سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە، یەكەم: ئەگەر كاندیدێك دیاری بكرێت لەناو هاوپەیمانیی نیشتمانی بە ڕەزامەندیی كورد و سوننە. دووەم: مالیكی بە 92 كورسییەوە بیەوێت لەگەڵ كۆمەڵێك كوتلە كە 5 كورسیی زیاتریان هەیە هاوپەیمانی بكات تا دەگاتە 165 كورسیی پەرلەمان. سێیەم لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا هاوپەیمانی بكات بۆ كۆكردنەوەی 70 كورسی كە ئەوەش بە بێ كورد ئەستەمە و هەرسێ سیناریۆكان بە بێ كورد شكست دەهێنن".
جیهاد ئاماژەیشی بەوە دا كە بۆ كورد باشترین سیناریۆ ئەوەیە كە هەر كەسێك بووە كاندیدی سەرۆكوەزیران، بۆ جێبەجێكردنی داواكان 2 ساڵ وەك گەرەنتی لە بەردەمیدا دابنرێت".
كارزان هەورامی




