سیروان ئەحمەد: لیستی ئەحرار و مواتن و كورد دەتوانن كاندیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری بكەن

هەولێر - KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "دوو لیستی گەورەی شیعی دەتوانن ڕێگە لە سێبارە كاندیدكردنەوەی مالیكی بگرن". ئەوەش دەخاتە ڕوو كە مالیكی لە كاری سیاسی و ئیداریدا شكستی هێناوە.
لیستی ئەحرار و مواتن لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوە دەدەن كە بە بێ گەڕانەوە بۆ لیستی زۆرینە دەبێت ڕێككەون بۆ ئەوەی لە دەرەوەی مالیكی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری بكرێت. ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیروان ئەحمەد، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەمە پەیامێكی كوتلەی ئەحرار و مواتنە بۆ لایەنی شیعی كە نابێت جارێكی دیكە مالیكی خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە كەسێك بووە پیاوی سیاسەت و دەوڵەت نەبووە، نەیتوانیوە عێراق ڕزگار بكات لەو تەنگەژەیەی تێی كەوتووە و، نەیتوانیوە ئارامی بۆ شەقامی عێراق بگەڕێنێتەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، بۆیە ئەمە پەیامێكە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدان، كە بە كورد و موتەحیدون و مواتن و لیستەكانی دیكە دەتوانن پێكەوە تەوافوق بكەن بۆ عێراقی تازە و ئەمە پەیامێكیشە بۆ مالیكی ئەگەر كاندیدێكی دیكەمان هەبێت تۆ ناتوانی خۆت كاندید بكەیتەوە".
گوتیشی: "كاتی خۆی لە دادگای باڵا نووری مالیكی كاری بۆ ئەوە كردووە، كام لیست زۆرینە بێت ئەوە حكوومەت دروست بكات، ئێستا پێی وابێت خاوەنی گەورەترین كوتلەیە دەبێت حكوومەت دروست بكات، بۆی ناچێتە سەر، چونكە ئەگەر كوتلەی ئەحرار و مواتن و كورد یەك بگرن ئەو كاتە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بە دەست دەهێنن و دەتوانن حكوومەت پێك بهێنن."
كارزان هەورامی




