ئۆپۆزسیۆنی سووریا: دەبێ پەیەدە زیندانیانی بیروڕا ئازاد بکات و چەکدارکردنی منداڵانیش ڕاگرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی هەماهەنگیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، خەڵەف داهوود نیگەرانە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئاساییشی پەیەدەوە کە بە نایاسایی و ڕەمەکیانە چالاکوان و سەرکردەی حیزبە کوردستانییەکانی دەستگیر کردووە، داوایش دەکات دەستبەجێ ئەو منداڵانەی کە براونەتە نێو هێزەکانی یەپەگەوە ئازاد بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە خەڵەف داهوود کە سەرۆکی دەستەی هەماهەنگیی دەرەوەی هێزی گۆڕانی دیموکراتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لە بەرانبەر ئەو پێشێلکاریانەی بە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکانی ژێر دەستەڵاتی پەیەدەدا دەکرێت، نیگەرانیی خۆیانی بە ئاژانسی هەواڵی ئاکی ئیتالیای ڕاگەیاندووە و دەڵێت، "پێویستە کانتۆنەکانی پەیەدە ڕێز لە پەیماننامەکانی مافەکانی مرۆڤ بگرن کە پێشتر بەڵێنی پابەندیی خۆی لە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاندبوو، هاوکات دەبێ دەستبەجێ گیراوانی ڕای جیاواز ئازاد بکات."
داهوود هاوکات داوا لە بەرپرسانی کانتۆنەکانی پارتیی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە) دەکات "ڕێگا بدەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەردانی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی پەیەدە بکەن."
ئەو بەرپرسەی هەماهەنگیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نیگەرانیی دەستەکەیانیشی لە بەئامانجگرتن و چەکدارکردنی منداڵان و بردنیان بۆ نێو ڕیزەکانی هێزی بەناو پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕاگەیاند و دەڵێت "ئەمە گوزارشتە لە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ"، داوایش دەکات "دەستبەجێ ئەم کردارە ڕابگیرێ و تەواوی ئەو منداڵانەی کە لە نێو هێزەکانی یەپەگەدان ئازاد بکرێن."
بێجگە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا، دەستەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چاودێریی گرتن و ڕاوەدوونانی ژمارەیەک چالاکوان و کەسایەتیی سیاسیی ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی کانتۆنەکانەوەن کردووە کە لە لایەن ئاساییشی پەیەدەوە ئەنجام دراوە، دەستەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا هاوکات لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە زانیاریی کۆ کردووەتەوە و بەڵگەی هەیە کە هێزەکانی پەیەدە کە لەژێر ناوی(یەپەگە)-یە، منداڵ و کەسانی هەرزەکار و خوار تەمەنی 18 ساڵی کردووە بە چەکدار و بردوونیەتە ڕیزەکانییەوە، کە بە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ ناکۆکە و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مافەکانی مرۆڤە.




