٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەرۆدغان: سیاسەتكردن بە گیانی كرێكارە مردووەكان بێمۆڕاڵییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گوتارێكی لە ئانکارا، رەخنەی توندی ئاراستەی چەند كەناڵێكی میدیایی توركیا و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە كرد و گوتی: كاتێك توركیا لە ماتەمینی سەرانسەریدا بوو چەند كەناڵێكی راگەیاندن و بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن ویستان بە قسە و لێدوانی دوور لە مۆڕاڵ خۆیان بە سەر كۆمەڵگەدا فەرز بكەن و سیاسەت لە سەر گیانی كرێكارە گیان لەدەستداوەكاندا بكەن.

بەپێی هەوالێكی كەناڵی ئین تیڤی توركیا، ئەردۆغان جەختی لەوە كردەوە كە ئەو جۆرە سیاسەتە سیاسەتێكی بێئەخلاقانە و نامرۆڤانەیە و ئەوانەی ئیدیعا دەكەن كە خاوەن كانەخەڵووز و كۆمپانیای سەرپەرەشتیاری ئەو كانەخەڵووزە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە، تەنیا و تەنیا بە دوای نانەوەی ئاژاوەن چونكە من وەكو سەرۆكوەزیران هێشتا نازانم ئەو كۆمپانیایە هی كێییە، خاوەنەكەی كێیە و كێ بەڕێوەی دەبات.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەو دروشمانەی كرد كە لەم چەند رۆژەدا بڵاو كرابوونەوە و داوایان لە حكوومەت دەكرد كە دەست لە سۆمال بەردا و سەیری سۆما بكات و گوتی: ئەوانەی ئەو جۆرە دروشمانە بڵاو دەكەنەوە نایانەوێ توركیا ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی گەورە، بەڵام پشت بە خوا دەوڵەتی توركیا دەتوانێ هاوكاری سۆما و سۆمال پێكەوە بكات.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار