بەشار ئەمین: مەبەستی پەیەدە ئەوەیە ئێمەیش بچینە بن باڵی ڕژێم... خەڵك سەرقاڵ دەكەن تا سندووقی دەنگدان بێنە ناوچە كوردییەكان

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، بەشار ئەمین، بۆ kdp.infoگوتی: "پاش ئەوەی لە رابردوودا چەكدارانی پەیەدە منیان دەستگیر كرد و رەوانەی هەرێمی كوردستان كرام، لەبری چارەكردنی ئەو كێشە و گفتوگۆكردن لە بارەیەوە، پێنج ئەندامی دیكەی ئێمەیان دەستگیر كردووە و رەوانەی هەرێمی كوردستانیان كردوون، جگە لەمە لە رۆژئاوای كوردستانیش تا ئێستا نزیكەی 10 ئەندامی دیكەیان دەستگیر كردووە."
بەشار ئەمین زیاتر ڕوونی كردەوە: "لەو شەش كەسەی كە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراون، سێ كەسیان ئەندامی مەكتەبی سیاسییە و سێ كەسەكەی دیكەش ئەندامی لیژنەی ناوخۆیین."
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا گوتیشی: "پەیەدە دەیەوێت ئێمە بخاتە ژێر دەستی خۆی و پشتگیری لە كانتۆنەكانیان بكەین، هەروەها دەخوازن خەڵك بەو كارانەیان سەرقاڵ بكەن، چونكە خەڵك رازی نییە سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی بەشار ئەسەد لە ناوچە كوردییەكان دابنرێت و دەیانەوێ لەو رێگایانەوە هاوكاریی رژێمی ئەسەد بكەن و هەڵبژاردن لە ناوچە كوردییەكان بكرێت، بەڵام ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هەڵبژاردندا نین و رێگاش نادەین سندووقی دەنگدان بێتە ناوچە كوردییەكان."
ئەمین دەشڵێت: "رێگایان نەداوە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی، سووریا سعوود مەلا بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێینەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی درێژەدان بە خەباتی سیاسی و مەدەنیی خۆمان."
بڵند ئیبراهیم




