٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە نێوان كاندیدانی پارتی لە کەرکووک کێشە ڕووی نەداوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك - تایبەت بە KDP.info-  بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێت، بە هیچ جۆرێك كێشە لە نێوان كاندیدەكانمان دروست نەبووە، ئەوەی بە لای ئێمەشەوە زۆر گرینگە، سەركەوتنی لیستەكەمانە.

بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك محەممەد كەمال، بۆ kdp.infoگوتی: لای كاندیدێكی ئێمە نیگەرانییەك دروست بووە گوایە كە دەنگی بۆ كاندیدێكی دیكە چووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە نووسراوێكمان بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە كە ئەمەمان بۆ روون بكاتەوە، بۆ ئەوەی هیچ گومانێك نەمینێت و چاوەڕوانی وەڵامی كۆمسیۆن دەكەین.

محەممەد كەمال گوتیشی: بڕوا ناكەم كارێكی لەو شێوەیە كرابێت و ئەگەر هەیشبێت رەنگە هەڵە لە پێدانی ژمارەكان كرابێت، بۆیە داوامان لە كۆمسیۆن كردووە لەو شوێنانەی كە گومان هەیە دەنگەكان دووبارە بكرێنەوە بە تایبەت لە شۆریجە، چونكە ئەو گومانە هەیە.

 بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ئاماژەشی دا، ئەوەی بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە سەركەوتنی لیستەكەمانە و گرنگ نییە كێ دەردەچێت، بەڵكوو گرنگ ئەوەیە لیستەكەی ئێمە سەركەوتوو بێت.

محەممەد كەمال سەرسووڕمانی خۆیشی لە ورووژاندنی ئەو پرسە پێشان دا و گوتی: بڕوا ناكەم هیچ كەسێك بتوانێ دەنگی كاندیدێك بۆ كاندیدێكی دیكە ببات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش داوای ڕوونكردنەوەمان لە كۆمسیۆن كردووە.

ئەمەش لە كاتێكدایە، چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە، كە شەڕ و پەلاماردان لە نێوان دوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بووە، بەڵام لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوە و بە ناڕاستی لە قەڵە دەدات.

بڵند ئیبراهیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار