٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان موفتی: هاوپەیمانێتیی پارتی و یەكێتی پێویستی بە هاوپەیمانێتیی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیشە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، عەدنان موفتی، ئاماژە بە چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەت دەدات و ئەوە دەخاتە ڕوو كە كورد بە یەكدەنگی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكات. هاوکات دەڵێت، هاوپەیمانێتیی پارتی و یەكێتی چووەتە قۆناغێكی دیكەوە، كە پێویستی بە هاوپەیمانێتیی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیشە.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان عەدنان موفتی، سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی داهاتووی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بوو و هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان لە بانگەشەی خۆیان و ڕاگەیاندنەكانیانەوە جەخت لەسەر یەكهەڵوێستیی كورد لە بەرانبەر كێشە نەتەوەییەكان و حكوومەتی بەغدا بكەنەوە، لەوەش گرینگتر حكوومەتی هەرێم حكوومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانییە و هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدارن و بۆ یەكەم جارە ئۆپۆزسیۆن لە حكوومەتدا بەشداری دەكات و بەرنامەی كاری حكوومەتیش هاوبەش دەبێت، ئەمە دەبێت لە هەموو ئاستەكان ڕەنگ بداتەوە لە ناوەوە و دەرەوەش لەسەر ئاستی پارێزگاكان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا."

موفتی گوتیشی، "بابەتێکی دیکەی گفتوگۆكانیش لە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، ناوچە دابڕاوەكان بوو كە داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستانە، جەخت کرایەوە کە دەبێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هەنگاوە گرینگەكانی داهاتوویش ئەوە دەبێت کە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

زیاتر گوتی "لە هەمان كاتدا بابەتی گرفتی بودجە و نەوت و غاز و پێشمەرگە كە نابێت دووبارە ببێتەوە"، هەروەها دەڵێت  "چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی هەڵبژادنەكانیش دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كێن ئەوانەی براوەن و كێن ئەوانەی كورسییان زیاد كردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە ئێمە هەنگاوی یەكەممان ئەوە بوو كە یەكهەڵوێستین و جەخت لەسەر یەكڕیزی كورد بكرێتەوە، لەگەڵ دروستكردنی شاندێكی هاوبەش كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن و بەم زووانە ئەو شاندە لەگەڵ لایەنەكانی عێراقدا گفتوگۆ دەكات".

 لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریی كورد لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراقدا، عەدنان موفتی ئەوەی خستە ڕوو كە "سەرجەم هێزە كوردییەكان لەسەر ئەو بەرنامەیە ڕێك دەكەون كە لە ناوخۆدا دادەڕێژرێت و دەبێ دڵنیا بین لەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەند دەبێت بە ڕێككەوتن و خاڵەكان و دەستوور كە دەبێتە پێوەر بۆ پێكهێنانی حكوومەت، خاڵی دووەمیش دەبێت حكوومەتی شەراكەت دروست بكرێت و تەوافوقی بێت."

سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆماری عێراقیش، موفتی دەڵێت: "ئەو پۆستە مافی گەلی كوردە و هەموو لایەنەكانیش هاوڕان لەسەری، ڕێككەوتنەكەش بەپێی ڕێككەوتنی پێشوو لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بوو كە مام جەلال ببێتە سەرۆككۆمار و كاك مەسعوودیش ببێتە سەرۆكی هەرێم و دەبێت ئەو هاوپەیمانییە بەردەوام بێت".

گوتیشی: "یەكێتی كەسایەتیی وای هەیە كاندید بكرێت بۆ ئەو پۆستە و لە كاتی خۆشیدا ڕایدەسپێرین."

لەبارەی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، عەدنان موفتی دەڵێت: "لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەت و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكاندا، هاوپەیمانێتیی پارتی و یەكێتی چووەتە قۆناغێكی دیكەوە، كە پێویستی بە هاوپەیمانێتیی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیشە."

گوتیشی: "پارتی و یەكێتی دوو هێزی سەرەكی و هاوبەشن لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتدا، بەڵام ئێستا كە حكوومەتێكی بنكەفراوان دەبێت، ئەو كاتە دەبێت هەموو لایەنەكان لەو هاوپەیمانیەتییەدا بن و بەرنامەی حكوومەت كە بەرنامەیەكی هاوبەشە، دەبێت هەموومان پێوەی پابەند بین و بە یەكدەنگی بڕیارەكان بدرێن."

موفتی هەروەها ئاماژەشی دا كە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی هەموو لایەنەكان لەسەر حكوومەتێكی بنكەفراوانی هاوبەش ڕێك دەكەون، بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت بە ئیستیحقاقی خۆیان بگەن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر كەسێك دانرا بۆ سەرۆكی حكوومەتی عێراق و لایەنە كوردییەكان تێبینییان لەسەری هەبوو ئەو كاتە چ میكانیزمێك دەگیردرێتە بەر، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاند: "ئەو كاتە پێویستی بە گفتوگۆ و دیالۆگ دەبێت و كورد كۆ دەبێتەوە و بڕیاری خۆی لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی هەڵوێست دەدات جا ئەو هەڵوێستە بە چ شێوە و میكانیزمێك دەبێت، ئەو كاتە بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت، بەڵام لە هەموو ئەگەرەكاندا دەبێت كەسی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق بەو كۆمەڵە خاڵانەوە پابەند بێت كە لایەنی كوردی پێشكەشی دەكەن و، باوەڕی بەو پرەنسیپە سەرەكیانە هەبێت كە خۆی لە ڕێككەوتن و دەستوور و حكوومەتی بنكەفراوان یان هاوبەشیی نیشتمانیدا دەبینێتەوە."

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار