٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بیرگیتا ئۆهلسۆن: تا دان بە مافەكانی كورددا نەنرێت دەرگاكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ توركیا ناكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info - وەزیری یەكێتیی ئەورووپا و كاروباری دیموكراسیی حكوومەتی سوێد دەڵێ، تا توركیا دان بە هەموو مافەكانی گەلی كورددا نەنێت دەرگاكانی یەكێتیی ئەورووپا بە روویدا ناكرێنەوە.

وەزیری كاروباری یەكێتیی ئەورووپا و دیموكراسی حكومەتی سوێد، بیرگیتا ئۆهلسۆن لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا رایگەیاند كە، پێویستە توركیا زۆر بە جیددی و شەفافی نزیكی قۆناغی چارەسەری بێت و پرسی كورد لە چوارچێوەیەكی دیموكراتیكانەدا چارەسەر بكات.

ماڵپەڕی ئیلكەخەبەری توركی بڵاوی كردەوە كە بیرگیتا ئۆهڵسۆن وەزیری كاروباری یەكێتیی ئەورووپا و دیموكراسی حكوومەتی سوێد لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاندووە كە، پێویستە توركیا پرسی كورد چارەسەر بكات و دان بە هەموو مافەكانی گەلی كورددا بنێت.

ئۆهلسۆن ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر توركیا دان بە مافەكانی گەلی كورددا نەنێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك دەرگاكانی یەكێتیی ئەورووپا بە رووی توركیادا ناكرێنەوە، بۆیە ئەگەر توركیا بە راستی دەیەوێ ببێتە ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا، دەبێ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هەنگاوی جیددی بنێت و بارودۆخی كورد لەو وڵاتە باشتر بكات، چونكە تا ئەو كاتەی بارودۆخی كورد لە توركیا وەكو بارودۆخی ئەمڕۆ بێت ئەوا هیچ وڵاتێكی ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا رەزامەندی لە سەر بەئەندامبوونی توركیا دەرنابڕێت.

 

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار