شەست سندووقی دەنگدانی ناوچە عەرەبنشینەکانی كەركووك پوچەڵ كرانەوە

كەركووك-KDP.info- لە بنكەی ژماردن و جیاكردنەوەی (ڕەحیم ئاوا)، (61) سندووقی ناوچە عەرەبنشینەكانی كەركووك دووبارە جیا كرانەوە و ژمێردرانەوە، پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکانیش، دەنگی (60) سندووق لە (61) سندووقەکە پوچەڵ كرانەوە.
عەدنان كەركووكی، بەپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە KDP.info– ڕاگەیاند: لە كۆی ئەو سندووقانەی كە قردێلەی سووریان لێدرابوو (83) سندووقیان ڕەوانەی بەغدا كران و هێشتا چارەنووسیان نادیارە، ماوەی چەند ڕۆژێكیشە لە بنكەی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی (ڕەحیم ئاوا) (61) سندووقی ناوچە عەرەبنشینەكانی دەرەوەی كەركووك، كە لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە كەركووك سكاڵایان لە دژیان تۆمار كردبوو، دووبارە جیا كرانەوە و ژمێردرانەوە، لە ئەنجامی هاوتاكردنەوە و وردبوونەوە لییان، كۆمسێۆن بڕیاری پوچەڵكردنەوەی (60) سندووقی لەو (61) سندووقە دا.
هیوا حوسێن




