عەدنان کەرکووکی: کاندیدانی ژمارە یەک و سێ دەچنە پەرلەمانەوە... هێشتا وەڵامی سکاڵاکانمان نەدراوەتەوە

کەرکووک-تایبەت بەKDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان دەڵێت، سکاڵایان لەسەر بەرێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و لایەنێکی سیاسی تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامی سکاڵاکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
عەدنان کەرکووکی، بۆkdp.info گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە60ھەزار دەنگی بە دەست ھێناوە و دوو کاندیدمان، ژمارە یەک و ژمارە سێ دەچنە پەرلەمانەوە."
عەدنان کەرکوکی گوتیشی: "ئێمە لە کەرکوک سکاڵامان لەسەر لایەنێکی سیاسی و بەرێوبەری ئۆفیسی کەرکووکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە."
بەگوتەی کەرکووکی، کۆمسیۆن "ھاوکاریی لایەنێکی سیاسیی کردووە و دەیان فەرمانبەری لایەنەکانی لاداوە و فەرمانبەرانی لایەنێکی سیاسیی لە شوێنی ئەوان داناوە و ھاوکار بووە بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانمان بە دەست نەگەیشتووە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجامەکانمان بە دەست بگات، لەبەر ئەوەی زۆرترین سکاڵاکان لە مووسڵ و سەڵاحەددین و کەرکووک تۆمار کراون و، هیشتا یەکلایی نەکراونەتەوە."
کەرکووکی راشیگەیاند: "61سندووق لە ناوچە عەرەبنشینەکان سوتێنراون و94سندووقیش رەوانەی بەغدا کراون، بەڵام هێشتا ئەنجامی ئەوانەشمان بە دەست نەگەیشتووە و ئەگەر ھەیە سبەی ئەنجامەکان رابگەیەنن."
بڵند ئیبراھیم




