٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لقی 15ـی خانەقین: هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی کاندیدە سەرکەوتووەکەی ئێمە بە ستەم دەزانین

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین -تایبەت بە KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، بە هەموو پێوەرەكان كاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەتوو بووە و ئەگەر كاندیدەكەی ئەوان سەر نەكەوێت، هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرنە بەر. دەشڵێت، هەر هەوڵێک بەو ئاراستەیە بە ستەمێكی گەورەی دەزانن کە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەکرێت.

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین حاكم حەسەن، بەkdp.infoـی راگەیاند: سەبارەت بە دەنگۆی گۆڕینی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كاندیدی لایەنێكی دیكەی سیاسی، ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە ئامانجی ئێمە سەركەوتنی لیستەكەمانە، بەڵام ئەوەی دەگوترێت راست نییە، چونكە تا ئێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی ڕانەگەیاندووە.

حاكم حەسەن گوتیشی: ئەگەر ئەو دەنگۆیە راست بێت كە كاندیدێكی ئافرەت لە شوێنی كاندیدەكەی ئێمە دەبێتە پەرلەمانتار، زوڵمێكی گەورەیە لە پارتی دەكرێت و بە هەر پێوەرێكیش بێت پێویستە یەكێك لە كاندیدە سەركەوتووەكان كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕوونیشی كردەوە: ئێمە گومانمان هەیە و لیستی ئاشتیی كوردستانی سێیەم لیستە و لە لیستە كۆتایەكان نییە لە ریزبەندیی لیستەكاندا، چونكە كۆتای ئافرەتان لە لیستە كۆتایەكان هەڵدەبژێردرێت و لیستی دیكە لە دوای ئێمەوە دێن و ئەگەر ئەمەش بكرێت، ستەمێكی گەورە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت.

حاكم حەسەن زیاتر گوتی: لە هەڵبژاردنی پێشووشدا كۆتای ئافرەتان بەر ئەو لیستە كەوت كە لە ریزبەندی كۆتایی لیستەكاندا بوو و ئەگەر ئەو دەنگۆیەش راست بێت، هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر و قبووڵی ناكەین.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار