مەكتەبی سیاسیی (پ د ک)، بە توندی شاڵاوی رەشبگیری لە لایەن پەیەدەوە شەرمەزار دەکات... پێویستە پەیەدە دەستبەرداری سیاسەتی تاكڕۆیی و خۆسەپێنی بێت

هەولێر-KDP.info- بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبی پەیەدە لەسەر ئاستی ناوخۆ سیاسەتێكی تاكڕەوانەی قۆرغكارانەی خۆسەپێنی گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی سووریا و سەنگەربەندیی هەرێمایەتییش، رۆژئاوای لە سیاسەتێكی شووم و نەزۆك و سەركێشانەوە تێوەگلاند كە جگە لە مەترسی و ئایندەی نادیار هیچی دیكەی بۆ كورد لێ شین نابێت. بە پێویستیشی دەزانێت کە، پەیەدە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە تاكڕەو و خۆسەپێنە بێت، كە بە هەموو پێوانەیەك زیانی گەورە بە بەرژەوەندیی رۆژئاوا دەگەیەنێت.
بەیاننامەکە هاوکات جەخت دەکاتەوە "ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوپەڕی هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ خوشك و برایانی كوردی رۆژئاوا و تێكۆشەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا رادەگەیەنین. بە توندییش ئیدانەی ئەو شاڵاوی رەشبگیرە دەكەین كە لە لایەن پەیەدەوە دەكرێتە سەریان.. جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە بەرژەوەندیی رۆژئاوای كوردستان لە پێكەوەكاركردنی هەموو لایەنەكاندایە و پێویستە ئەم تاكڕەوی و خۆسەپاندنە كۆتایی بێت."
دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربارەی دواڕووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان:
هاووڵاتیانی ئازیز
كوردستانیانی هێژا
وەك هەموان دەزانن، هەر لەو كاتەوە كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە و وڵاتی سووریا، هەلومەرجێكی نوێی بۆ كوردانی رۆژئاوا هێنایە ئاراوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان و لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئەركی نەتەوەیی و هاوپشتی برایانەمان بەرامبەر كوردانی ئەو پارچە ئازیزەی كوردستان و لە پەرۆشیمان بۆ ئەوەی هەلومەرجەكە بە قازانجی سیاسیی خەڵكی رۆژئاوا بشكێتەوە، دەستی هاوكاری و پشتیوانیمان بۆ هەموو لایەنەكان درێژ كرد و هەموو هەوڵێكمان دا تا هەموویان یەكدەنگ و هاریكاری یەكدی بن و پێكەوە كار بكەن تا لە دوارۆژی ئەو وڵاتەدا مافەكانی گەلی كورد زامن و مسۆگەر بن.
بەڵام بەداخەوە حزبی پەیەدە هەر زوو لەم رەوتە هەڵگەڕایەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ سیاسەتێكی تاكڕەوانەی قۆرغكارانەی خۆسەپێنی گرتەبەر و لەسەر ئاستی سووریا و سەنگەربەندیی هەرێمایەتییش، رۆژئاوای لە سیاسەتێكی شووم و نەزۆك و سەركێشانەوە تێوەگلاند كە جگە لە مەترسی و ئایندەی نادیار هیچی دیكەی بۆ كورد لێ شین نابێت.
پەیەدە بەوەندەشەوە نەوەستا و تاكڕەوی و پاوانكاری گەیاندە ئاستی دژایەتییەكی بێشەرمانەی هێزە سیاسییەكانی دیكە و دەستنەپاراستن لە گرتن و راوەدونان و دەركردنی سەركردە و كادیر و لایەنگرانی حیزبەكانی دیكە و بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، وەك لەم چەند رۆژەی رابردوودا بە شێوەیەكی فراوان روویدا.
لە سایەی ئەو سیاسەتە تاكڕەو و ناڕەوایەی پەیەدەدا، ئێستا رۆژئاوا لە جیاتی ئەوەی ببێتە نموونەیەكی سەركەوتووانەی كورد لە خۆبەڕێوەبردنێكی دیموكراتیانە و فەزایەك بۆ ئازادیی خەبات و هەڵسوڕانی سیاسیدا، كەچی خراپتر لە ناوچەكانی ئیدارەی رژێم، بووەتە جێیەك بۆ قۆرغكاری و سەركوتكردنی ئازادی سیاسیی. پەیەدە كە داوای ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی و كرانەوەی پارچەكانی كوردستان لەسەر یەكدی دەكات، كەچی بۆ خۆی بەو شێوازە دیكتاتۆریانەیە مامەڵە لەگەڵ تێكۆشەران و جەماوەری رۆژئاوای كوردستان دەكات، مامەڵەیەك كە لە دونیای تێكۆشانی ئەم سەردەمەدا مۆدێلێكی قیزەونی بەسەرچووی نەفرەتلێكراوە و بە هیچ جۆرێك قابیلی قبووڵ نییە.
بۆیە پێویستە پەیەدە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە تاكڕەو و خۆسەپێنە بێت، كە بە هەموو پێوانەیەك زیانی گەورە بە بەرژەوەندیی رۆژئاوا دەگەیەنێت.. پێویستە پەیەدە وەڵامدەرەوەی ئیرادەی كوردانی رۆژئاوا بێت كە بەسەر حیزب و بیر و ڕای جۆراو جۆردا دابەش بوون و هەمووانیش خەڵكی رەسەن و رۆڵەی ئەو پارچەیەی كوردستانن و هیچ هێزێك بۆی نییە ئازادیی تێكۆشان و كاری سیاسییان لێ قەدەغە بكات.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوپەڕی هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ خوشك و برایانی كوردی رۆژئاوا و تێكۆشەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا رادەگەیەنین. بە توندییش ئیدانەی ئەو شاڵاوی رەشبگیرە دەكەین كە لە لایەن پەیەدەوە دەكرێتە سەریان .. جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە بەرژەوەندیی رۆژئاوای كوردستان لە پێكەوەكاركردنی هەموو لایەنەكاندایە و پێویستە ئەم تاكڕەوی و خۆسەپاندنە كۆتایی بێت.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18 – 5 - 2014




