كۆمسیۆنی: 2030 سكاڵا تۆمار کراون و كۆمسیۆن لە پێداچوونەوەیاندا بەردەوامە

هەولێر - KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایدەگەیەنێت، 700 هەزار بریكاری قەوارەی سیاسی لە هەڵبژاردنەكاندا چاودێرییان كردووە. ژمارەی سكاڵا لەسەر هەڵبژاردەكانیش گەیشتوونەتە (2030) سكاڵا و هەموویان رێك خراون و كۆمسیۆن لە پێداچوونەوە بە سكاڵاكاندا و یەكلاكردنەوە و تەواوكردنیان بەردەوامە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، سەربەست مستەفا رەشید و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، گاتع زەوبەعی و سەرۆكی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان، میقداد شەریفی ئەنجام درا، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بە درێژی باسی لە دوابەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و گەیشتن بە قۆناغەكانی كۆتایی كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو رێوشوێنانەی بۆ یەكەم جار لە پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەدا گیراونەتە بەر لەگەڵ جەختكردنەوە لە بوونی زیاتر لە 700 هەزار بریكاری قەوارەی سیاسی لە رۆژی دەنگداندا و دەیان هەزار لە چاودێرانی رێكخراوەكانی ناوخۆ و زیاتر لە 2000 چاودێری نێودەوڵەتی لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەورووپی و كۆمكاری عەرەبی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كۆمسیۆن پشتی بە یاسای ژمارە (45)ـی ساڵی 2013 بەستووە كە پابەندی دەكات بە كاتە دیاریكراوەكانی تایبەت بە سكاڵاكان و پێداچوونەوە پێیاندا.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران گاتع زەوبێعی، ئاماژەی بەوە دا كە ژمارەی سكاڵا لەسەر هەڵبژاردەكان گەیشتووەتە (2030) سكاڵا و هەموویان رێك خراون، لە كاتێكدا ژمارەی سكاڵای زەرد (1048) سكاڵایە و سكاڵای سەوز (690) سكاڵایە و سكاڵای سوور (106) سكاڵایە. گوتیشی: "كۆمسیۆن لە پێداچوونەوە بە سكاڵاكاندا و یەكلاكردنەوە و تەواوكردنیان بەردەوامە".
هاوكات میقداد شەریفی گوتی: "كۆمسیۆن بە یەك چاو سەیری هەموو لایەنەكان دەكات و بۆیان هەیە لە رێگەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانەوە تانە لە ئەنجامەكان بدەن كە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی باڵاوە دروست كراوە".
بە گوێرەی زانیارییەكان، كۆمسیۆن رۆژی پێنجشەممە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت.
كارزان هەورامی




