٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سلێمان عەبدوڵڵا یوونس: سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووەتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info- ئەندامی لیژنەی باڵای مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سلێمان عەبدوڵڵا یوونس دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووەتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان. ئەوەش دەخاتە ڕوو كە یەكێتی و پارتی كار بۆ مانەوەی ئەزموون و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەندامی لیژنەی باڵای مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سلێمان عەبدوڵڵا یوونس، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoلەبارەی دانیشتینی سبەی دووشەممە 19/5/2014 لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بارزانیدا دەڵێت: "ئێمە و پارتی لەسەر بەڕێوەبردنی دەستكەوتەكان و گەشەپێدانی دەسكەوتەكان و دیموكراتیزەكردنی حكومڕانیی كوردستان و گەشەپێدانی ئەم دەستكەوتانە بە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوانماندا هەیە، هەروەكو چۆن بیروڕای جیاواز و تێڕوانینی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام میكانیزم لە نێوانماندا هەبووە كە ڕێگایەكی هاوبەشمان دەستەبەر كردووە بۆ یەكگوتاریی گەلی كورد لە ئاستی دەرەكی و ناوخۆدا، بۆیە كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا كۆ دەبێتەوە، ئاساییە باسی پەیوەندیە دووقۆڵییەكانی پارتی و یەكێتی و هەروەها ڕێككەوتنی ستراتیژی و كابینەی هەشتەم بكرێت لەسەر چۆنیەتیی ڕێككەوتن لە بەشداریپێكردنی لایەنەكان".

گوتیشی: "لە ئەنجامی دانوستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت ئیستیحقاقی خۆی وەربگرێت و ڕازی بێت، لە هەمان كاتدا كە پارتیش لایەنی گفتوگۆكارە ئەویش ڕازی بێت، واتە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەم كاتی دەوێت و هەم ڕازیبوونی لایەنەكانی دەوێت، ئەم كۆبوونەوەیەش بەرچاوڕوونییەكە لەسەر چۆنیەتیی بەشداریی یەكێتی لە حكوومەت و كۆمەڵێك پرسی دیكە".

سلێمان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە بابەتی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ڕوونی كردەوە: "بڕوام وایە بارزانی بە قازانجی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەری دەكات، ڕۆڵی مام جەلالیش دەبینێت لە ڕازیكردنی یەكێتی و هەوڵ دەدات هەموو هێزەكان لەژێر چەتری یەكڕیزیی نیشتمانیدا كۆ بكاتەوە."

ئەوەشی خستە ڕوو كە "لەم قۆناغەدا ڕۆڵ و پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نادیتە ناگیرێت و یەكێتی لە ڕووی ژمارە و قەبارەیەوە هێزێكی حیساببۆكراوە لە كاتێكدا جەنابی سەرۆك لە ئاستی لوتكەدا دەستپێشخەری بۆ یەكێتی دەكات، ئەوەش تەواو یەكڕیزیی كورد لە دەرەوە و ناوەوەش دەپارێزێت".

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار