سەرۆك بارزانی و عەللاوی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراقیان خستە بەر باس

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی لەگەڵ سەرۆكی لیستی نیشتیمانیی عێراقی (القائمة الوطنیة)، ئەیاد عەللاوی و شاندێكی یاوەریدا، دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق تاوتوو كران و هەورەها دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەکان و كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق لە داهاتوودا خرایە بەر باس.
ئەمڕۆ یەكشەممە 18ـی 5ـی 2014 لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی لیستی نیشتیمانیی عێراقی (القائمة الوطنیة)، ئەیاد عەللاوی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە چەند سەركردەیەكی نێو لیستی نیشتیمانیی عێراق.
لە دیدارێكدا دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق تاوتوو كران و هەورەها قسە لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە و كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق لە داهاتوو كرا.
هەر لەم دیدارەدا وێڕای باسكردنی ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی قەیرانی سیاسیی عێراق لە ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوودا، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانی دەرفەتێكی زۆر باش بە گەلانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دەدات كە كار بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و چارەكردنی گرفتەكان بكەن.




