كۆمەڵی ئیسلامی: هەموو لایەنەكان لەسەر بیرۆكەی ئەنجامدانی ریفراندۆم كۆك بوون

هەولێر - تایبەت بە KDP.info-ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كۆبوونەوەی دوێنێدا تەنیا وەكو بیرۆكەیەك باس كراوە و لە دژی هیچ كەسێكیش نییە و هیچ وادەیەكیشی بۆ دیاری نەكراوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەی دوێنێی كۆبوونەوەی نێوان سەركی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە سەركردەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بیلال سلێمان، بۆ kdp.infoگوتی: بەم جۆرە نییە كە لە راگەیاندنەكان بڵاو كراوەتەوە گوایە ئەگەر نووری مالیكی بۆ سێیەم جار ببێتەوە سەرۆكوەزیران كورد ریفراندۆم ئەنجام دەدات، بەڵكوو بۆ بەرچاوڕوونیی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانە، نەك لە دژی هیچ كەسێك بێت.
بیلال سلێمان گوتیشی: ئەو ریفراندۆمە بۆیە ئەنجام دەدرێت، تا بزانرێت خەڵكی هەرێمی كوردستان چیی پێ باشە، ئایا لە چوارچێوەی عێراق بمینێتەوە یاخود دەوڵەتی سەربەخۆ یانیش كۆنفیدراڵی رابگەیەنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە داهاتوو خەڵكی چ داواكارییەكی هەیە ئەوە جێبەجێ بكرێت، نەك چ كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیران.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر گوتی: هەموو لایەنەكان لەسەر ئەم بیرۆكەیە كۆك بوون و پێویستە ئەم ریفراندۆمەش كۆمسیۆنی هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات، چونكە كۆمسیۆنی عێراق ئەستەمە ئەم كارە بكات.
بیلال ئاماژەشی دا: ئەمە جارێ تەنیا بیرۆكەیە و هیچ وادەیەك بۆ كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە دیاری نەكراوە.
بڵند ئیبراهیم




