٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فرسەت سۆفی: ئەم هەفتەیە، پەرلەمان قسە لەسەر ناولێنانی سەرۆكوەزیران و جێگرەکەی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، فرسەت سۆفی دەڵێت، دانیشتنەكانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی كوردستان بۆ  ناولێنانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت و تەواوكردنی كاری لیژنەكانە، ئەو لیژنانەی كە بڕیارە زیاد بكرێن و لە گفتوگۆدا بوون. ڕوونیشی دەكاتەوە كە رەنگە ئەم هەفتەیە پەرلەمان قسە لەسەر دواكەوتنی مووچە بكات.

 

فرسەت سۆفی، بۆ KDP.infoگوتی: "بە شێوەی مەزەندەكراو دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەم هەفتەیە تەواوكردنی كاری لیژنەكانە، ئەو لیژنانەی كە بڕیارە زیاد بكرێن و لە گفتوگۆدا بوون، بۆ نموونە لیژنەی كاروباری پەرلەمان، لیژنەی ناوچە جێناكۆكەكان و چەند لیژنەیەكی تر گفتوگۆكانیان تەواو دەكرێن". 

سۆفی هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش چەند  پڕۆژەیاسایەك هەیە لەوانەیە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێ لەگەڵ مەسەلەی ناولێنانی سەرۆك و جێگری حكوومەت، ئەوانە لە بەرنامەی كاردان لەگەڵ كۆمەڵێك مەسەلەی گشتی كە رەنگە پەرلەمان قسەیان لەسەر بكات، لەوانە دواكەوتنی مووچە و لەوە زیاتر دوانەكەوتنی و ڕێكخستن و دابەشكردنی لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، هەموو ئەوانەش لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمانە و ئەوان بڕیار دەدەن، بەڵام 48 سەعات پێشتر ئاگادارمان دەكەنەوە، ئەوەش كە لێی دڵنیاین مەسەلەی ناولێنانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت و لیژنەكان و هەندێك پڕۆژەیاسایە و بە دڵنیاییەوە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان قسەیان لەسەر دەكات". 

هەواڵی پەیوەندیدار