فەلاح مستەفا بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی لاتڤیا، چیك، سلۆڤاكیا، هەنگاریا و كۆماری میسری عەرەبی كۆ بووەوە
__2014_05_17_h23m10s23__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئاسایشی جیهان 2014 كە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دەربارەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوە و ئابووری و ئاساییشی جیهان لە سلۆڤاكیا، بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكاران لە 60 وڵاتی جیهان بەڕێوە دەچێت، فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان وێڕای بەشداریکردن لە چەند پەناڵ و سیمینارێك، بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی لاتڤیا و چیك و سلۆڤاكیا و هەنگاریا و كۆماری میسری عەرەبی كۆ بووەوە.
لە دیدارەكاندا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان و تێڕوانین بۆ پتەوكردنی ئاستی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستانی لە ناوچەكە خستەڕوو.
فەلاح مستەفا لە دیدارەكانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە بە وردی ئاماژەی بە رەوشی ئەمڕۆی عیراق و ئاكامی هەڵبژاردنەكان و قەیرانی سووریا و كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە كرد.
سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەكان و سیاسەتی حكوومەتی هەرێم بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم داوای لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپایی و عەرەبی كرد كە ئاستی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان بەرز بكەنەوە و هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانیان بدەن بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتی كار و وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لەوێیشەوە بۆ هەموو عێراق وەربگرن.
لە تەواوی دیدارەكاندا وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا و عەرەبی بایەخی ئەم دیدار و كۆبوونەوانەیان بە هەند هەڵگرت و ویستی وڵاتەكانیان خستەڕوو بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتیان كرد بۆ بەشداریكردن لەم كۆڕبەندە و خستنەڕووی چەندین داتا و زانیاری دروست سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی حكوومەتی هەرێم لەمەڕ پێشهات و پرسە هەنووكەییەكان.




