بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبە كوردستانییەكان

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 17/5/2014 لە سەڵاحەدین، سەركردەكانی حزبە كوردستانییەكان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی كۆ بوونەوە. كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی ڕەوشی ئێستای هەرێم و عێراق، هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئیستیحقاقەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی، هەروەها بۆ كۆتاییهێنان بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم و ڕاگەیاندنی.
لە كۆبوونەوەكەدا، جەخت لەسەر ئەو بنەمایانە كرایەوە:-
1- یەكهەڵوێستیی و یەكگوتاریی كوردستانی بەرانبەر ئیستیحقاقەكانی و هەروەها پێشهاتەكانی عێراق و و ڕۆڵێكی گەوەرتر بۆ كورد و سەركردایەتییەكەی.
2- كاراكردنی دانوستان لەگەڵ قەوارە عێراقییەكان بە هەموو باڵ و تەوژمەكانییەوە، لە پێناو گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی مێژوویی كە ببێتە هۆكاری چاكبوونەوەی ڕەوشی عێراق و چارەكردنی ئەو كێشە و تەنگژە و كەلێنانەی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەراوێزخستنەوە هاتوونەتە كایەوە.
3- پاراستنی یەكگرتوویی ماڵی كورد بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داواكارییە دەستوورییەكان كە هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لە چوارچێوەی سیستمێكی دیموكراتی فیدراڵیدا لە عێراق، هەروەها نەهێشتنی هەموو ئەو لەمپەرانەی لەگەڵ سیستمی دیموكراتی و شەراكەتی نیشتمانیدا كۆك نین و لەگەڵ دەستووردا ناگونجێن و پێشێلی ئەو بەهایانە دەكەن كە بنەمای دامەزراندنی عێراقی نوێ بوون.
4- كۆبوونەوەكە، داوای لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد هەرچی زووترە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت و شەفافییەت و پاكژی بپارێزێت.
5- دانانی میكانیزم و بەرنامەیەكی ڕوون كە تیمی دانوستانكار لەسەری بڕوات لە كاتی گفتوگۆ و داڕشتنی بنەماكانی حكوومەتی عێراقیدا.
پارتی دیموكراتی كوردستان.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
بزووتنەوەی گۆڕان.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.
حزبی شیوعیی كوردستان – عێراق.
حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.




