رەوتی سەدر داوای بەپەلە چارەسەركردنی تەنگژەی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات

لیستی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق رایگدەگەێنێت: تەنگژەی نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان سەربازی و ئەمنی نییە، بگرە بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشە سیاسییەكانە و داوای كرد بەپەلە ئەو تەنگژەیە چارەسەربكرێت.
بەها ئەعرەجی لە بەیاننامەیەكی لیستەكەیدا رایگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی مالیكی و سەرانی لیستە سیاسییەكاندا، ئاماژە بۆ تەنگژەی دوایی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا بەتایبەتی ئەو هێزە سەربازییەی رەوانەی ناوچە سنوورییەكان كراووە.
گوتیشی، داوا دەكەین پەلە لە چارەسەركردنی ئەو جۆرە كێشانە بكرێت، ناوبراوئاماژەی بەوەشكردووە، تەنگژەكە سەربازی و ئەنی نییە، بگرە بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشەكانە و پێشتر هۆشداریمان لەبارەیانەوە داوە.
ئەعرەجی ئاماژەی بۆ پێویستی چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكان بەپێی دەستوور و بەبێ دواخستن كرد بۆ ئەوەی دۆخێك روونەدا كە سەربازێكی عەرەب بەرامبەر سەربازێكی كورد بوەستێ و چەك ئاراستەی یەكتر بكەن بەهۆی كێشەی سیاسییەوە.
روونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی دادوەر بین پێویستە گوێبیستی بۆچوونی دەزگا ئاسایشیەكانی هەرێمی كوردستان بین و ئەوەشمان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دوا كردووە، وێڕای داوای پێویستی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور.




