٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: لە دواکەوتنی کابینەی نوێدا پارتی باجی گەورەى داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێڕ-KDP.info-  ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت،دڵشاد شەهاب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ KDP.info،ئاماژە بە پشودرێژیی پارتی و گوشارەکانی سەریان و ئەو ئاستەنگانەی بەردەمیان و سوربوونی پارتی لەسەر یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و هەروەها بەشداریی یەکێتی لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکات و دەڵێت، دەرفەت لە بەردەست برادەرانی یەکێتیدا هەیە بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بنێرن.

 
*
پارتی باجی دواکەوتنی حکوومەتی نەداوە بە هۆی تێپەڕبوونی کات لە تەمەنی کابینەی هەشتەم؟
 دڵشاد شەهاب: لە سەرەتای پرۆسەکەوە هەتا ئێستا و ئەو نەفەسدرێژییەی پارتی کە زۆر جاران باجیشمان داوە چ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و چ لە پێش هەڵبژاردنیش، هەموو ئەو گوشارانەی کە لەسەر پارتی بوون لە ڕووی جەماوەری و ڕاگەیاندنی هەندێک لە لایەنەکان، هەموو ئەوانە نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کە پارتی لە هەنگاونان بەو ئاڕاستەیەی کەوا خۆی بروای پێ هەیە پاشەکشە بکات، وەک یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئەمڕۆدا و ئەو تەحەدیاتانەی کە لە بەردەمی ئێمەدان، هەتا ئەم ساتەش پارتی ئەم ئامانجەی لە سەرووی هەموو شتەکانی دیکەوە بینیوە و دوودڵ نەبووین لە پێناویدا قوربانی بدەین، چ بە سازشکردن لە مافی ئینتخابیی پارتی بێت یان ئەو دواکەوتنەی کە بەداخەوە ڕەنگە  پارتی باجی یەکەمى دابێت بە هۆی تێپەڕبوونی تەمەنی کابینەکەوە، چونکە لە هزری خەڵکدا وایە کە پارتی ڕاسپێردراوی یەکەمە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هەموو ئەمانەمان بۆ ئامانجێک بووە و بڕوامان وایە کە ئێستا لە بەدیهاتنی ئەو ئامانجە زۆر نزیک بووینەتەوە.
*
داواکارییەکانی یەکێتی و نەفەسدرێژیی پارتی ئەم دۆخە بە کوێ دەگەیەنێت؟
دڵشاد شەهاب: زۆربەی زۆری ئەو داواکاریانەی یەکێتی هەیبووە لە لایەن پارتییەوە کێشەی لەسەر نەبووە و ڕێنوێنیی جەنابی سەرۆک بارزانییش بۆ سەرکردایەتی و پارتی و لیژنەی دانوستانکاریش، هەر ئەوە بووە کە دەبێت بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن و ئەم بابەتە کۆتایی پێ بهێنرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی یەکێتی خۆیشی، لەناو ئەو حزبەدا هیچ گرفتێک نەماوە و تەنیا ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین برادەرانی یەکێتی بگەنە بڕیارێک بۆ ناوهێنانی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت.
 
*
لە هەنێک لە میدیاکاندا باس لەوە کراوە کە ئێوە و لایەنەکانی تر سەبارەت بە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم گوشاری سیاسی بۆ سەر یەکێتی دروست دەکەن؟
دڵشاد شەهاب: بەداخەوە لە ڕاگەیاندنەکان باس لەوە کرا وەکو ئەوەی کەوا ئێمە یان لایەنەکانی تر جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەرلەمان ویستبێتیان ئەم بابەتە وەک گوشارێکی سیاسی یاخود بۆ هەر مەسەلەیەکی تر بێ، بە کار بهێنن، بە راستی ئەم مەسەلەیە زۆر لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە ئەگەر ئێمە بمانویستبایە گوشاری سیاسی دروست بکەین، قۆناغی ئاوهامان لە پێش بووە و دەمانتوانی گوشاری زۆرتر و کاریگەرتر دروست بکەین، هەروەها دەشمانتوانی بە کاری بهێنین بۆ بابەتی هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکە. جارێکی تر  دووپاتی دەکەمەوە کە پارتی ئامانجە سەرەکییەکەی بە لاوە گرنگتر بووە و ئومێدەواریشم یەکێتی لە ماوەی پێش واژۆی یاساکەدا ناوی کاندی خۆیان بنرێن، هەروەکو پێشتریش کە حکوومەت دروست کراوە، بە هەمان شێوە لەسەر ئەو بنەمایە حکوومەت دروست دەکرێت.


*پارتی و یەکێتی لە خولی سێیەمی پەرلەماندا کە یەک کوتلە بوون، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی ئەم یاسایە هەموار بکرێت، ئێستا کە لە خولی چوارەمدا هەموار کراوە، ئایا ئەوە دژایەتیی یەکێتییە؟
دڵشاد شەهاب: راستە لە خولی سێیەمی پەرلەماندا ئێمە و یەکێتی کە بە یەکەوە لەناو یەک کوتلەدا شدار بووین، هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئەم یاسایە هەموار بکرێت، چونکە یاسایەکی لاسەنگە. لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیادا شتی وا نییە و پرسیاریشم تایبەت لەو بارەیەوە زۆر کردووە، بەڵام نەمبیستووە کە سەرۆک و جێگری سەرۆک بەیەکەوە رابسپرێردرێن، وەلێ ئەمە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی پەنجا بە پەنجا بووە، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم بابەتە بە یەکجاری نەمێنێت، ئێستاش کە هەموار کراوە لە دژی برادەرانی یەکێتی هەموار نەکراوە، بە پێچەوانەوە ئەم یاسایە گرفتی تێدایە و دەبێت ئەم گرفتە نەمێنێت بۆ ئاییندە و هیچ سەپاندنێکی تێدا نییە کە بڵێت کابینەی هەشت دەبێت لەسەر ئەم یاسایە پێک بهێنرێت، بە پێچەوانەوە تا ماوەی یاسایی ئەم یاسایە یان تا جەنابی سەرۆک ئەم یاسایە واژۆ دەکات، دەرفەت لە بەردەست برادەرانی یەکێتیدا هەیە بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بنێرن کە کاندیدیان نارد، پێش واژۆکردنی یاساکە بۆ نموونە پەرلەمانی کوردستان مۆڵەتی حەوت ڕۆژی لەسەر داواکاریی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاری کرد کە مۆڵەتی هەفتەیەکیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی ئەوان لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیدا ئەم بابەتە یەکلا بکەنەوە و ناوی کەسی پێشنیازکراو بۆ جێگری سەرۆکی حکوومەت بنێرنە پەرلەمان، خۆ ئەگەر دوێنێ بیانهێنایە ئەوە بابەتی یاساکە لە ئارادا نەبوو، ئەگەر لەم چەند ڕۆژەی ئاییندەشدا ناوی ئەم کەسە بهێننە پەرلەمان، هەمدیسان هیچ ئیشکالێک لە ئارادا نییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، یان ڕاسپاردەکە لەسەر بنەمای یاسا کۆنەکە دەبێت کە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت لەسەر یاسا کۆنەکە ڕادەسپێردرێن، ئێمە لاریمان نییە و هیچ گرفتێکیشمان لەسەر ئەم بابەتە نییە، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەم ناوهێنانە دوا کەوت، خۆ تا سەر حکوومەت وا نامێنێتەوە کە هەر دەبێت سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت ناو بهێنرێن یان دەنگیان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بە خەڵک بدرێت کە لە ئەلتەرناتیڤی ئەوەشدا ئەگەر پێشنیازکردنی جێگری سەرۆکی حکوومەت دوا بکەوێت، ئەوا یاسایەکی دیکە دێتە ئاراوە کە بە یاسا نوێیەکە کار دەکرێت کە تەنیا سەرۆکی حکوومەت بە تەنیا بۆپێکهێنانی کابینە ڕادەسپێردرێت، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ڕێگا لە یەکێتی دەگیرێت بۆ ئەوەی بەشداری نەکات یان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی نەبێت، بە پێچەوانەوە ئەو کاتە جێگری سەرۆکی حکوومەت و هەموو وەزیرەکانش بە یەکەوە لەلایەن کەسی پێشنیازکراو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت بۆ وەرگرتنی متمانە، واتە ئەگەر بە یاسا نوێیەکە کار بکرێت، دوای ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینە ماوەی 30 ڕۆژی لە بەردەستە و ئەم ماوەیەش دەرفەتێکی تر لە بەردەمی برادەرانی یەکێتیدا دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوی وەزیرەکانی خۆیاندا، ناوی جێگری سەرۆکی حکوومەتیش پێشکەش بکەن.


*پەرلەمانتارانی زۆربەی فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان وەک دەگوترا لەژێر گوشارێکی زۆری جەماوەردا مانیان گرت و داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد واژۆی یاساکە بکات تا چیتر حکوومەت دوا نەکەوێ؟
دڵشاد شەهاب: من هەم مانگرتنەکە و هەم هەڵوێستەکەم پێ شتێکی باشە، بەڵام وەڵامدانەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی چیتر حکوومەت دوا نەکەوێت، من بە هەنگاوێکی ئیجابی دەبینم، وەلێ مانگرتن بەو شێوازەی کە هەر دەبێ سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ یاساکە واژۆ بکات، ئەمە هەم لە ڕووی پرۆتۆکۆڵ و هەمیش لە ڕووی یاساییەوە یاسایی نییە، چونکە یاساکە بۆ خۆی ماوەی 15 ڕۆژی بە سەرۆکی هەرێم داوە کە ئەو ماوەیەی لە بەردەم بێت و لەم 15 ڕۆژەدا ئەگەر ناڕەزایی هەبێ ئەوا نیشانی دەدات، بەڵام ڕەتکردنەوە لە ئارادا نییە، چونکە بەپێی یاسا جەنابی سەرۆکی هەرێم یاسا ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو یان ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر ماددەیەک، یان بڕگەیەکی ناو یاسایەکە و بۆ پەرلەمانی دەنێرێتەوە، یانیش پەسەندی دەکات، بەڵام ئەگەر پەسەندی نەکات و ناڕەزایی نەبێت، لە ماوەی 15 ڕۆژەکەدا ئەوە خۆی لە خۆیدا دەبێتە یاسا و پەرلەمان یاساکە دەردەکات و کاری لەسەر دەکات، سەرەڕای ئەوەش تەقدیری ڕۆڵی پەرلەمانتاران دەکەم بۆ ئەوەی چیتر حکوومەت دوا نەکەوێت و و بێنە سەر خەت، بەڵام لەبەر ئەوەی یاساکە دوێنی َهاتووەتە سەرۆکایەتیی هەرێم، پێویستی بەوە نەدەکرد ئەوە بگوترێت کە هەر دەبێت ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆک یاسایەکە واژۆ بکات، چونکە بەپێی یاساکانی هەرێم سەرۆک 15 ڕۆژی هەیە و هیچ هەڵوێستێکی نەرێنی نیشان نەدراوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە لەسەر یاساکە تا نیگەرانیی پەرلەمانتارانی لەسەر دروست ببێت، بەڵکوو بە تێکڕا پێمان باشە ڕۆڵی پەرلەمان ئیجابی بێت و پێمان باشە لەسەر ئەو پرسانە بێنە دەنگ کەوا پەیوەستن بە ژیانی تێکڕای خەڵکی کوردستانەوە لەگەڵ رەچاوکردنی یاساکان.

دیمانە بەڕێوەبەری نووسین

 

هەواڵی پەیوەندیدار