٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیه‌کی پێشمەرگە لە زوممار:سوپای عێراق ژماره‌یه‌کی زۆر تانك و زرێپۆشی بۆ ناوچەكە هێناوە و خەریكی خەندەق لێدانن

سەرچاوە: Hewler

فەرماندەی لیوای هەشت لە گوندی قاهیرەی ناوچەی زوممار (هیشام سیتەیی) بە سایتی "هەولێر"ـی ڕایگەیاند كە سوپای عێراق بنكەیەكی سەرەكیی خۆی لە ناسریەوە بۆ ڕەبیعە گواستووەتەوە كە تەنیا 13 كیلۆمەتر لە گوندی قاهیرەوە دوورە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش هێزەكانی عێراق بە تانك و زرێپۆش و چەكی قورس لە گوندی مەحموودیە كۆ دەبنەوە و سەرقاڵی لێدانی خەندەقن.


(هیشام) ئەوەشی خستە ڕوو كە لە ئێستادا زیاتر لە ڕۆژەكانی پێشتر، دەبابە و دۆشكە و سەرباز دەبینرێن و بەردەوام ئەو سەربازانە خەندەق لێ دەن و فڕۆكەكانیان بە ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە، بەرپرسانی ئەو هێزە عێراقیەیش بەردەوام لە ناوچەكەدا كۆ دەبنەوە، تا ئێستایش هیچ دانوستانێك لە نێوان ئێمە و هێزەكانی ئەواندا نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوایان لە ئێمە كردووە كە كۆ ببینەوە، بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەك گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەواندا ڕەت دەكەینەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی كە "ئەو هێزەی جووڵەی پێ كراوە، سوورە لەسەر ئەوەی كە خاكی كوردستان ببەزێنێت و لە پردی خاپوور و ساحێلا بپەڕێتەوە و لە زاخۆوە تا شەنگال و هەموو ناوچە سنوورییەكانیش لەگەڵ وڵاتی سووریا، بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، بەڵام ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە ناهێڵین ئەو هێزە عێراقییە یەك هەنگاو بێتە پێشەوە. ئێمە نامانەوێت شەڕ ڕوو بدات، بەڵام ئەگەر ئەو هێزە عێراقییە زیاتر بێتە پێشەوە، ئەوا شەڕ لە ناوچەكەدا دروست دەبێت."

ڕوونیشی كردەوە: "هاتنی ئەو هێزە عێراقییە بۆ ناوچەی زوممار، مەڕامێكی سیاسیی لە پشتەوەیە و ئەو هێزە دەیویست هەموو ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كوردستانی ڕۆژئاوا بگرێت بۆ ئەوەی پێوەندیمان لەگەڵ كوردانی ڕۆژئاوادا نەمێنێت، ئەوان دەیانەوێت وەك ڕژێمی بەعس لە ناوچە دابڕاوەكاندا جارێكی دیكە دەستەڵات بگرنەوە دەست و كوردەكانی ناوچە دابڕاوەكان بخەنەوە ژێر دەستی خۆیانەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار