٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاژانسی پاراستن: تەقینەوەکەی تربەسپی، سیناریۆی PYD بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێڕ-KDP.info-  ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی PYD، ڕایدەگەیەنێت، تەقینەوەکەی 9/5/2014-ی تربەسپی، سیناریۆیەکی لاوازی خودی پەیەدەیە.

لە ڕاگەیەنراوێکیدا کە دانەیەکی بۆ KDP.infoنێردراوە، ئاژانسی پاراستن دەڵێت، "لەژێر سایەی پەیەدە هەموو چالاکییەکی سیاسیی لایەنەکانی دیکە قەدەغەیە و بەردەوام چالاکوانانی سیاسی بە ناڕەوا و بە دروستکردنی تۆمەتی ساختە و ناڕەوا دەستگیر کراون و یا خود بێسەروشوێن کراون کە نموونەی هەرە زەقیان بێسەروشوێنکردنی کەسانی وەک بەهزاد دورسن و نەسرەدین بەرهەکە."

دەقی ڕاگەیەنراوی ئاژانسی پاراستن:

لە رۆژانی رابردوودا ئاسایشی پەیەدە هەواڵێکی ناراست و چەواشەکارانەی بڵاو کردەوە و ئاژانسی پاراستنی بەوە تۆمەتبار کرد کە گوایە دەستی لە تەقینەوەی رێکەوتی 9/5/2014ی تربەسپیدا هەبووە، ئێمە لە ئاژانسی پاراستن سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەت دەکەینەوە و بە ڕای گشتیی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئەم کردارە سیناریۆیەکی لاوازی خودی پەیەدە بووە.

لە کرداری تیرۆریستیی ئاماژەپێکراودا ماڵی هاووڵاتی بشیر مەجید مووسا ناسراو بە پێشەنگ مووسا کرایە ئامانج و تەقێنرایەوە، کەچی خودی پێشەنگ مووسا لە لایەن پەیەدە گیراوە و بە پیلانگێڕی تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە لەم تەقینەوەدا کەسێک بە ناوی رەمەزان محەممەد حەسەن گیانی لە دەست داوە کە ئەندامی ئاسایشی پەیەدە بووە. ئەم کەسە کێشەی لەگەڵ پەیەدەدا هەبووە و ئەم کێشانەش لای خەڵکی دەڤەرەکە شاراوە نەبوون.

لەم سیناریۆیەدا هەم رەمەزان لە ناوبردراوە و هەم بیانوو بۆ دەستگیرکردنی پێشەنگ مووسا کە چالاکوانێکی قوتابیان و لاوانە دەستەبەسەر کراوە. بۆیە ئێمە ڕایدەگەیەنین کە پێشەنگ مووسا بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە و سەلامەتی و گیانی ئەم چالاکوانە دەکەوێتە ئەستۆی پەیەدە.

لەژێر سایەی پەیەدە هەموو چالاکییەکی سیاسیی لایەنەکانی دیکە قەدەغەیە و بەردەوام چالاکوانانی سیاسی بە ناڕەوا و بە دروستکردنی تۆمەتی ساختە و ناڕەوا دەستگیر کراون و یا خود بێسەروشوێن کراون کە نموونەی هەرە زەقیان بێسەروشوێنکردنی کەسانی وەک بەهزاد دورسن و نەسرەدین بەرهەکە.

بەداخەوە پەیەدە کە هاوکاری نزیکی دامودەزگایەکی داپلۆسێنەری وڵاتێکی ناحەزە، بە هەمان شێوازی ئەوان هەوڵ دەدەن لەژێر ئەشکەنجەدا گیراوەکان ناچار بکەن دان بە تاوانێک بنێن کە خۆیان ئەنجامدەری بوونە. ئێمە لە ئاژانسی پاراستن وێڕای رەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، دووپاتی دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەکمان دژ بە کرداری تیرۆر و تۆقاندن و رفاندن و بەرتەسککردنی ئازادیی هاووڵاتیانین و بۆیەشە ئەم رەفتارانەی پەیەدە ریسوا دەکەین و لەو بڕوایەدان کە ئەمانە ڕووبەڕووی دادگای ویژدانی گەل دەبنەوە.

ئاژانسی پاراستن

15/5/2014

هەواڵی پەیوەندیدار