٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەسەد، تورکیا 13 سەربازی سوپاکەی سزا دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ئادانا-KDP.info-  بە تاوانی سیخوڕیكردن و خزمەتكردن بە رژێمی بەشار ئەسەد، داواكاری گشتیی توركیا داوای سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ 13 سەرباز دەكات.

رۆژی 19ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، چەند بارهەڵگرێكی سەر بە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی توركیا كە دەگوترا هاوكاری بۆ توركمانەكانی سووریا دەبەن، لەسەر رێگای نێوان عەنتاب و ئادانادا لە لایەن سەربازانی سوپای توركیاوە راگیران و سەربازەكان دەستیان بەسەر شتومەكی نێو بارهەڵگرەكاندا گرت.

هەر ئەو كاتە میدیاكانی توركیا ئاماژەیان دا كە لە نێو بارهەڵگرەكاندا چەك و تەقەمەنی هەبووە، بۆیە سەربازەكان ئەو كارەیان ئەنجام داوە.

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر ئەو رووداوە و كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەی پێویست لە بارەی رووداوەكەوە، پێش چەند رۆژێك داواكاری گشتیی ئادانا بە تۆمەتی سیخوڕكردن و خزمەتكردن بە رژێمی بەشار ئەسەد، سكاڵانامەیەكی 48 لاپەڕەیی لەسەر ئەو سەربازانە ئامادە و رادەستی دادگا كرد.

ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ دادگای سزای گرانی ئادانا ئەو سكاڵانامەیەی پەسەند كردووە و لە سكاڵانامەكەدا داوای سزای زیندانیی هەتا هەتایی بۆ ئەو 13 سەربازە دەكرێ كە بارهەڵگرەكانیان راگرتبوو.

جێگری داواكاری گشتیی ئادانا عەلی دۆغان، لەو بارەوە گوتوویەتی: ئەوەی ئەنجام دراوە هەڵمەتێكی سیخوڕیی دژ بە كۆماری توركیا و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میتە)ـە و خزمەتی رژێمی بەشار ئەسەد دەكات، بۆیە داوای سزای زیندانیی هەتاهەتاییمان بۆ ئەو 13 سەربازە كردووە.

هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار