پەكەكە 9 كرێكاری لە ناوچەی شڕنەخ ڕفاند

شڕنەخ - KDP.info- نۆ كرێكار كە لە نزیك گوندی گۆرمەچ بۆ دروستكردنی بنەكەیەكی نوێی سەربازی كاریان دەكرد، لە لایەن ئەندامانی پەكەكەوە ڕفێنران.
فەرماندەی هێزی چواری پیادەی سوپای توركیا لە گوندی گۆرمەچ ڕایگەیاند: نیوەشەوی دوێنێ چوارشەممە، دوای گەڕانەوەی ئەو كرێكارانەی لە بنكەیەكی نوێی سەربازیدا كاریان دەكرد، ئەندامانی پەكەكە رێگایان لێ دەگرن و 9 كرێكار دەستگیر دەكەن.
لەم بارەوە ماڵپەڕی "خەبەرجینیز" بڵاوی كردەوە كە فەرمانداری هێزی چواری پیادە ئاماژەی داوە كە رووداوەكە دوای نیوەشەو رووی داوە و ئەندامانی پەكەكە دوای دەستگیركردنی ئەو كرێكارانە، ئەوانیان بۆ شوێنێكی نادیار گواستووتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەكانی سوپا بە پاڵپشتیی كۆپتەر و هێزی ئاسمانی بۆ دۆزینەوە و رزگاركردنی ئەو كرێكارانە لە ناوچەكەدا دەستیان بە هەڵمەتێكی گەڕان كردووە.
هەورامی




