٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ پێنج پڕۆژەیاسا کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا كرد و پڕۆژەبڕیاری هەمواركردنی ماددەكانی (38 و 39)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش گفتوگۆی لە بارەوە كرا.

سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 14/5/2014 بە سەرۆكایەتیی یوسف محەمەد صادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووەم ساڵی یەكەم لەخولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتای دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری خوێندەوە كە لەسێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم لە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاساكانی (هەمواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010، زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان، پێدانی بودجەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان، دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری پایتەختی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان و عیراق)، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پڕۆژە بڕیاری هەمواركردنی مادەی (38 و 39) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، خاڵی سێیەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی بڕگەی (3) لە مادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و بڕگەی (12) لە مادەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمواركراو.

بە پێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، لەلایەن لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكانی (هەمواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010، زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان، پێدانی بودجەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان، دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری پایتەختی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق) كران و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كردن بۆ تاوتووكردنیان و ئامادەكردنی راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەكان لە بارەیانەوە بۆئەوەی لە داهاتوودا بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكان بەمەبەستی گفتوگۆكردنیان و پەسندكردنیان.

 سەبارەت بە خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پڕۆژە بڕیاری هەمواركردنی مادەی (38 و 39) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دوای خوێندنەوەی پڕۆژە بڕیاری هەموارەكە ئەندامانی پەرلەمان سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان لەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و چۆنیەتی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەیان خستە روو و لە ئەنجامی گفتوگۆكاندا چەندین پێشنیاز لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە خرانە روو سەبارەت بە زیادكردنی چەند لیژنەیەك كە گرنگترینیان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و لیژنەی وەبەرهێنان بوون، هەر لە پێشنیازەكاندا داوا كرا چەند لیژنەیەك لە یەك جیابكرێنەوە و بكرێن بە دوو لیژنەی جیاواز كە گرنگترینیان لیژنەكانی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و تەندروستی و ژینگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوون، پێشنیازیش كرا كە چەند لیژنەیەك لێك بدرێن و لەیەك لیژنەدا جێگەیان بكرێتەوە وەك لیژنەكانی بەرگری لە مافی ئافرەت و مافەكانی مرۆڤ.

پاشان لەلایەن لیژنەی یاساییەوە داوا لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا دەرفەتیان پێبدرێت بۆئەوەی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانەی كە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خرانە روو لە راپۆرتێكدا كۆبكەنەوە و سبەی سەعات 10ی سەرلەبەیانیش لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆببنەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسانە، هەروەك روونكردنەوەی پێویستیشیان لەسەر ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانە خستە روو، ئەم داوایەی لیژنەی یاسایی-یش لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پەسند كرا و  بەمجۆرە سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا.

 

  

هەواڵی پەیوەندیدار