٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تانەر یڵدز: ئاگری نێو کانە خەڵووزەکە نەکوژاوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

توركیا –kdp.info-لەبارەى ئاگرکەوتنەوەى کانە خەڵوزەکەى تورکیا وەزیرى وزەى ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات تائێستا ئاگرى کانە خەڵوزەکە نەکوژاوەتەوە دەسەڵاتدارانى تورکیاش لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى ڕووداوەکە دان

لەبارەى ئاگرکەوتنەوە لە کانە خەڵوزەکەى تورکیا  وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە تانەر یڵدز کە لە سەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستا لە ناوچەی سۆمای سەر بە پارێزگای مانیسایە و لە نزیکەوە چاودێریی هەوڵی رزگارکردنی کرێکارە پەنگخواردووەکان دەدات، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامە نووسیدا ناوبراو گوتی: هەرچەند پێشتر وامان دەزانی کە ئاگری نێو کانە خەڵووزەکە کوژاوەتەوە، بەڵام وا نییە و هێشتا ئاگرەکە بەردەوامە و خەڵووز و داری نێو کانی خەڵووزەکە بوونە هۆی بەگوڕتربوونی ئاگرەکە.

یڵدز لە بارەی ژمارەی ئەو کرێکارانەوە کە گیریان خواردووە لە ڕووداوەکە ئەوەى خستەڕوو: ئەو کانە خەڵووزە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە ئیدارە دەکرێ و بەرپرسانی ئیدارەی کەرتی تایبەتیش ژمارەیەکیان بە ئێمە گوتووە، بەڵام من ناتوانم ئەو ژمارەیە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەم، هیوادارم زووتر بتوانین کرێکارەکان رزگار بکەین".

گوتیشى :" هێشتا هیوامان بە رزگارکردنیان هەیە، هەرچەند لەگەڵ تێپەڕبوونی کات هیوامان کەم دەبێتەوە، بەڵام لە دڵماندا تۆزێک هیوا بۆ رزگارکردنیان هەر دەمێنێت".

یڵدز جەختی لەوەش کردەوە کە زیاتر لە 500 ئەندامی هێزی فریاکەوتن لە قووڵایی 5/4 تا 5 کیلۆمەتر لە ژێرزەمیندا سەرقاڵی رزگارکردنی کرێکارە گیرخواردوەکانن.

دوێنێ شەو لە کانە خەڵووزێکی ناوچەی سۆمای سەر بە پارێزگای مانیسای تورکیادا ئاگر کەوتەوە و بە پێی ئامارە رەسمییەکان تا ئێستا 205 کرێکار گیانیان لە دەست داوە و حکوومەتی تورکیایش بۆ ماوەی سێ رۆژ لەو وڵاتە ماتەمینی گشتیی راگەیاند.

هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار