مەحموود محەممەد: یەكێتی داوای كرد چەند ڕۆژێكی دیكەیان بدەنێ بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان لەناو خۆیاندا

هەولێر- KDP.info- كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی ئەنجام نادرێت و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیش ڕوونكردنەوە لەو بارەیەوە دەدات.
وا بڕیار بوو ئەمڕۆ 14/5/2014 كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی بەڕێوە بچێت بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی حكوومەت لە ناوخۆی یەكێتیدا، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە دوا خرا. لەم بارەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامی شاندنی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت مەحموود محەممەد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوانیدا گوتی: "لەسەر داواكاریی برادەرانی یەكێتی كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی دیكە دوا خراوە و داوایان كردووە كاتێكی زیاتریان بدرێتێ بۆ گفتوگۆكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان لە ناو خۆیاندا".
سەبارەت بە دروستکردنی وەزارەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی هەندێ لە مێدیاکان بلاویان کردەوە کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕازیکردنی یەکێتی وەها پێشنیازێکی کردبێت، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "هەرگیز پێشنیازی کەو شێوەیەمان نەکردووە."
دوێنێ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێوەست بە ناونانی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی هەموار کردەوە و بەپێی یاسا نوێیەکە لەمەودوا تەنیا سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێننانی کابینەی نوێ ڕدەسپێردرێت و مەحموود محەممەد لەم بارەیەوە گوتی، یاساکە لە پەرلەمان دەرکراوە و لە ئێستادا پێویستی بە واژۆی سەرۆکی هەرێمە، دواتر یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
زیاتر گوتی. "دروستکردنی حکوومەت پشوودرێژیی پێویست بووە و دەشێت چەند ڕۆژێکی دیکەیش چاوەڕێی برادەرانی یەکێتی بین، تا خۆیان یەکلا دەکەنەوە."
جەختیشی کردەوە کە "ئەوەی کە نوێنەری یەکێتی بە ئێمەیان ڕاگەیاند، ئەوەیە کە خۆیان یەکلا نەبوونەتەوە و داوای کاتی زیاتریان کردووە، گوتیشیان کە دواتر لە بەرەنجامی کۆبوونەوە و دوابڕیاریان ئاگادارمان دەکەنەوە."




