قایمقامی قەزای شنگال: دامەزراندنی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە بۆ شنگال هەنگاوێكی زۆر گرینگە

شنگال-تایبەت بەKDP.info-قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت، دامەزراندنی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە تایبەت بە قەزای شنگال، هەنگاوێكی زۆر گرینگ و ئیجابییە و خزمەتێكی زۆر بەو ناوچەیە دەكات.
قایمقامی قەزای شنگال مەیسەر حەجی ساڵح، بۆ kdp.infoگوتی: پێكهێنانی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە تایبەت بە قەزای شنگال لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، جێی دەستخۆشییە و زۆر گرنگ و ئیجابییشە، چونكە ئەو فەوجە لە دوو ڕووەوە خزمەت بەو دەڤەرە دەگەیەنێت، كە ژمارەیەكی زۆری گەنجان لەو فەوجە دادەمەزرێن و هەروەها ئەمنییەتی شارەكەشیان دەپارێزن.
قایمقامی قەزای شنگال ڕوونیشی كردەوە: ئەو فەوجەی كە بڕیارە دابمەزرێت لە 500 كەس كەمتر نابێت و ئەگەری هەیە ببێتە700 تا هەزار كەسیش، بۆیە هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو فەوجە دابمەزرێت.
گوتیشی: ئەو فەوجە هەلێكی باشی كار دەبێت بۆ گەنجانی قەزای شنگال و رێژەی بێكارییش كەم دەكاتەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری گەنجان دوای ئەوەی ناوچەی رەبیعەیان لە ترسی تیرۆریستان جێ هێشت، لە ئێستادا بێكارن و لە ماڵەوەن.
مەیسەر حەجی ساڵح ئاماژەشی دا، دوێنێ بەشێك لەو خێزانانەی ئاوارە بوونە لە كۆمەڵگای سیپا شێخ خدر گردبوونەوەیەكیان ئەنجام داو داوایان كرد قەرەبوو بكرێنەوە، ئێمەش سەردانیانمان كرد و داوامان لە پارێزگای مووسڵ كرد لیژنەیەك دروست بكرێت و بەپێی پێویست قەرەبوو بكرێنەوە.
بڵند ئیبراهیم




